هیچ ژنێکی قەتەر نابێتە ئەندامی ئەنجومەنی شورا
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای قەتەر راگەیاندرا
K24 – هەولێر
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای قەتەر راگەیاندرا و هیچ کام لە ژنە کاندیدەکان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بێنن و ببن بە ئەندامی ئەنجومەنی شورا.
لیژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورای قەتەر، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکەی راگەیاند و هیچ ژنێک نەیتوانی سەربکەوێت، رێژەی بەشداری خەڵک گەیشتە 63.5 ئەمەش یەکەم هەڵبژاردن بوو لە مێژووی قەتەر.
بۆ یەکەمجار لە مێژوو، دوێنێ 2/10/2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە قەتەر بەڕێوەچوو، کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورایە.
ئەنجومەنی شورا لە 45 ئەندام پێکدێت و میری وڵاتیش 15 ئەندام دیاردەکات، 28 ئافرەت خۆیان کاندید کردبوو. چاودێرانیش پێیانوایە هەڵبژاردنەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیستمی سیاسی قەتەر بەدیناهێنێت.
ئەرکی ئەنجومەنی شورای قەتەر، پەسندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی و سەندنەوەی متمانەیە لە وەزیرەکان، بەڵام میری وڵات دەتوانێت ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەن بەکاربێنێت.