مه‌تران به‌شار وه‌رده: سوپاسی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ به‌قه‌زا كردنی عه‌نكاوه
عه‌نكاوه گه‌وره‌ترین مه‌ڵبه‌ندی نیشته‌جێبوون و كۆبوونه‌وه‌ی خێزانه كریستیانه‌كانه له ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
K24 – هه‌ولێر:
بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌قه‌زا كردنی ناحیه‌ی عه‌نكاوه، له لایه‌ن كریستیانه‌كانی عه‌نكاوه و كوردستان و عێراق پێشوازی لێ كرا و له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، مه‌تران به‌شار وه‌رده، سه‌رۆكی ئه‌سقۆفییه‌ی ئه‌بره‌شییه‌ی كلدانیی له عه‌نكاوه، وێڕای پیرۆزبایی له كریستیانه‌كان رایگه‌یاند، عه‌نكاوه گه‌وره‌ترین مه‌ڵبه‌ندی نیشته‌جێبوون و كۆبوونه‌وه‌ی خێزانه كریستیانه‌كانه له ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ـی كوردستان 24، مه‌تران به‌شار وه‌رده، سه‌رۆكی ئه‌سقۆفییه‌ی ئه‌بره‌شییه‌ی كلدانیی له عه‌نكاوه گوتی: "بڕیاره به قه‌زا كردنی عه‌نكاوه بڕیارێكی ستراتیژی گرنگه بۆ عه‌نكاوه، كه قوڵاییه‌كی مێژوویی هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه و عه‌نكاوه چیرۆكێكی تایبه‌ته له پێكه‌وه ژیان".
له دوای رووخانی رژێمی به‌عس له 2003، له ته‌واوی شار و ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، كاتێك كریستیانه‌كان رووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌وه روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌شێكیان له عه‌نكاوه گیرساونه‌ته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه مه‌تران به‌شار وه‌رده گوتی: "دوای 2003 كاتێك له عێراق كریستیانه‌كان رووبه‌ڕووی كێشه و سته‌م و چه‌وسانه‌وه بوونه‌وه هاتنه عه‌نكاوه و ناوچه‌كه بووه شوێنێكی ئارام بووه بۆیان. له دوای 2014 و په‌لاماره‌كانی داعش، عه‌نكاوه زیاتر له 13 هه‌زار ئاواره‌ی كریستیانی له خۆ گرت".
گوتیشی: "عه‌نكاوه به گه‌وره‌ترین شوێنی كریستیانه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ژمار ده‌كرێت. سووپاسی كاك مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م بڕیاره ستراتیژییه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام پشتیوانی له كریستیانه‌كانی عه‌نكاوه كردووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "كریستیانه‌كان وه‌ك پێكهاته له رابردوودا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و چه‌وساندنه‌وه بوونه‌ته‌وه و گونده‌كانیان راگوێزراون و له به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له خێزانه كریستیانه‌كان كردووه، ده‌رفه‌تی پێداون تا خێزانه كریستیانه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان و ئه‌مه شارستانییه‌ت و كولتوور و هزره كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه. هه‌میشه گوندێكی كریستیان هه‌بووه و گوندێكی كوردیی به‌رامبه‌ری هه‌بووه و به‌یه‌كه‌وه ژیاون و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش و قووڵاییه‌كی مێژوویی زۆر گه‌وره له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان زۆر كراوه‌یه".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی كریستیانه‌كان، مه‌تران به‌شار وه‌رده، سه‌رۆكی ئه‌سقۆفییه‌ی ئه‌بره‌شییه‌ی كلدانیی له عه‌نكاوه باسی له‌وه‌كرد، له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق ژماره‌ی كریستیانه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان رووی له زیادبوونه و گوتی: "با واقیعی بین و له 16 ساڵی رابردوودا ژماره‌ی كریستیانه‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نیا هانی كریستیانه‌كان ده‌درێت بۆ مانه‌وه، به‌ڵكو كار ده‌كرێت بۆ كارا كردنی پڕۆژه ستراتیژییه‌كان و هێشتنه‌وه‌ی سه‌رمایه و به‌گه‌ڕخستنی و ئه‌مه‌ش متمانه به داهاتوو له كوردستان زیاتر ده‌كات. ئێمه هانی كریستیانه‌كان ده‌ده‌ین وه‌به‌رهێنان له كوردستان بكه‌ن".
عه‌نكاوه، له رووی ئیدارییه‌وه تا ئێستا ناحیه‌یه و راسته‌وخۆ سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته خۆرئاوای شاری هه‌ولێر.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه كلدانی سه‌ر به كڵێسه‌ی كلدانی كاسۆلیكن و ژماره‌یه‌ك كڵێسه‌ی دێرین له ناوچه‌كه هه‌ن. له 2014ه‌وه عه‌نكاوه ناوه‌ندی كڵێسه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئاشوورییه.