داعش دەستبەسەر بەشێك لە كێڵگە نەوتییەكانی عەجیلدا دەگرێت

فڕۆكە جەنگییە بەشداریان لەشەڕەكەدا كردووە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی زانیارییەكان لە ھێرشێكیاندا چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر بەشێك لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی عەجیل لە  پارێزگای سەڵاحەدین لە باکووری عێراق داگرت و لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكانیشدا سەربازێکی عێراق کوژرا و 8 دیکەش برینداربوون.

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین ھێرشیان كردووەتەسەر ھێزەكانی عێراق، سەرەڕای ئەو هێرشە بەردەوامانەی بۆ سەر داعش ئەنجام دەدرێن، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە هێرشێکی چڕیان کردە سەر  کێڵگەی نەوتی عەجیل لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین و دەستیان بەسەر بەشێك لەو کێڵگەیە گرتووە".

سەرچاوەكان ئەوەشیان ئاشکراکرد: "رووبەڕووبونەوەیەکی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش لەو کێڵگەیەدا روویداوە و کوژراو بریندار لە هەردوولادا هەن".

زانیارییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە: "بەھۆی سەختی شەڕەكە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بەشداریان لە شەڕەكەدا كردووە".