بایدن خاوەنی بیردۆزەی دابەشکردنی عێراقە
باقر جەبر زوبەیدی
K24- ههولێر:
له ههڤپهیڤینێكی نێوان كوردستان24 و لهگهڵ باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتر و ئەمینداری گشتی بزووتنەوی ئینجازی عێراقی، گفتوگۆ لهبارهی چهند پرسێكی گرنگ و ههنووكهیی كرا، گرنگترینیان باسكردن بوو له دروستبوونی بزووتنهوهی ئینجاز، كه زۆرێك له پێكهاته جیاوازهكان لهخۆ دهگرێت و ئهو بزووتنهوهیه وهك بهرهیهكی نوێی ئۆپۆزسیۆنی لهناو جهرگهی لایهنه شیعهكان سهری ههڵدا.
له ههڤپهیڤینهكهدا باقر جەبر زوبەیدی دووپاتیكردهوه، دروستكردنی بزووتنهوهكهیان لهوهوه سهرچاوهی گرتووه، كه سیاسهتی پێشوو و جۆری ئیدارهدانی وڵات تاڕادهیهكی زۆر شكستی هێناوه، بۆیه وهك ئاماژهی پێدا، ئهوان بیریان لهوه كردهوه بزووتنهوهیهك دابمهزرێنن، كه شوێنی زۆربهی رهنگهكانی تێدا ببێتهوه.
پهیوهندییهكانی نێوان كورد و شیعه و كێشهكانی نێوان ههردوو لا تهوهرێكی دیكهی ههڤپهیڤینهكهی كوردستان24 و دامهزرێنهری بزووتنهوهی ئینجاز بوو.
دهقی ههڤپهیڤینهكهی كوردستان24 لهگهڵ باقر جەبر زوبەیدی:
فهرهاد رهسوول: مامۆستا باقر جەبر زوبەیدی مامۆستای خۆشەویست، وەزیری پێشووتر و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز، بەخێربێیت، بۆ ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ کوردستا24.
باقر جەبر: سڵاو لە هاوڕێ و پەرلەمانتاری خۆشەویست، کە لە خولی دووەمدا پێكەوە بووین، کە باشترین خولی پەرلەمان بوو، هاوکاری نێوانمان بەڵگەی سەرکەوتووی ئەو خولە بووە.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز جەبر وەك دەگوترێت ئێوە لە نەوەی یەکەمی سیاسییە شیعەکانن، لە ئۆپۆزسیۆن و فەرمانڕەواییکردن، رات چیە لەسەر جووڵانەوە نوێیەکان، یان فراکسیۆنە تازەکان، کە لە هەناوی لایەنە شیعە گەورەکانەوە لەدایکبوون، ئایا دوورخستنەوە سیاسییە کۆنەکانە یان چی؟
باقر جەبر: بەناوی خوای گەورەی میهرەبان، بێگومان دەرکەوتنی فراکسیۆن و کاندیدی نوێ، لەسەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی، بەڵگەی بەئاگابوونەوەیە، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەمە کارێکی راستە، چونکە ناتوانیت ئەو کادیرانە بهێڵیتەوە، کە 30 یان 40 ساڵ کاری سیاسییان کردووە و لەسەر هەمان رێچکە بمێننەوە، بە تایبەت کە زانیمان یان هەمووان دەزانن کە شکست لە ئیدارەدانی وڵات هەیە، راستە هەندێك لە وەزارەتەکاندا سەرکەوتوو، هەندێکیشییان شکستییان هێنا، فراکسیۆن هەیە سەرکەوتوو بوو، هەشیانە شکستی هێنا، بەشێوەیەکی گشتی پێموایە، دەرکەوتنی نەوەی ئێستا، ئەوەیە کە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئنجاز کارمان لەسەری کردووە، من خۆم کاندید نەکردووە، داوای زۆریان لێکردم خۆم کاندید بکەم، بەڵام رەتمکردەوە، گوتم رۆڵی من کۆتایی هات، ئێستا رۆڵی من ئەوەیە رەوتێکی دیکە دروست بکەم، بزووتنەوەیەك کە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەخۆبگرێت، بزووتنەوەکەمان سوننە و شیعەی تێدایە، هەوڵماندا کوردیش بێت، بەڵام کێشەیەك لە نەینەوا دروست بوو، تورکمانیشی تێدایە، خەڵکی سوننەی زۆری تێدایە، ژنی بێ حیجاب و باڵاپۆشی تێدایە، بۆیە هەموو جۆرە نەتەوە و مەزهەبێکی عێراقی لە بزوتنەوەی ئنجازدا هەیە، ئەمەش جێگەی شانازی ئێمەیە.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز ئێوە دەتانەوێ چۆن عێراق فەرمانڕەوایی بکرێت؟ چونکە لە هەندێك سیاسی بیستومانە و دەیبیستین، واباشترە بگەڕێینەوە بۆ جۆرێك لە دیکتاتۆریەت، یان حکومەتێکی ناوەندی بەهێز، ئایا ئەمە پاشگەزبوونەوە نییه لە دیموکراسییەت و سیستمی پەرلەمانی؟
باقر جەبر: گەڕانەوە بۆ دواوە لە پرۆسەی سیاسی هەڵەیە، لەرووی ئەخلاقی و نیشتمانیشەوە، هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، تەواو قۆناخی پێشوو تەواو بوو، هەرکەسێك خراپەی کرد، دزی کرد، شکستیهێنا، بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرێت، شەقام رەتیدەکاتەوە و دەبێت باجەکە بدات، بۆیە هەمیشە دەڵێین: باشترین هەڵبژێرن، ئەمەش رای مەرجەعییەتە، گونجاوترین، پاکترین و زیرەکترین هەڵبژێرن، ئەم دروشمە دەبێت بەشێوەیەکی راستەقینە جێبەجێ بکرێت، کە باشترین هەڵبژێرین، بەڵام بڵێین با بگەڕێینەوە دواوە و ئەوانەی کۆن بمێننەوە، نا ئیتر بەسە، من هەمیشە کە برایان لە سەرۆك فراکسیۆنەکان دێنەلام، پێیان دەڵێم: بەسە وازبێنن، پێمدەڵێن: ئەی ئەوە نییە تۆش بزووتنەوەیەکت دامەزراندووە، پێیان دەڵێم: بەڵێ بەڵام من خۆم هەڵنەبژاردووە، من خۆم هەڵنابژێرم تەواو، سەرپەرشتی ئەم گەنجانە دەکەم، 28 کاندیدمان هەیە، هەوڵ بۆ سەرکەوتنیان دەدەم و تەواو.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز جەبر، باس لە گۆڕانکاری دوای هەڵبژاردن دەکرێت، ئایا چ جۆرە گۆڕانکارییەك لە عێراق دێتەدی بەرای تۆ؟
باقر جەبر: یەکەم جۆری گۆڕانکاری دەموچاوی گەنج لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و لە پەرلەمان دەردەکەون، تەنانەت لە ناو حکومەتی نوێشدا، چ سەرۆك وەزیران یان وەزیرەکان، ئەمە رای منە.
فهرهاد رهسوول: تۆ دڵنیای لە ئەزموونی ئەو گەنجانە لە سیاسەت، بەڕێزت دەزانیت سیاسەت پێویستی بە ئەزموونە ؟
باقر جەبر: بەڕێزم، ئێمە کاتێك دەستمان بە کاری سیاسی کرد، ئەزموونمان نەبوو، خۆم کەسێکی خاوەنکار و بازرگانم، ئەمە لە باب و باپیرانەوە، بەڵام کاتێك چوومە ناو سیاسەتەوە وەك خەڵك دەڵێن: سەرکەوتم، هەندێك سیاسیش شکستییان هێنا، من باسی ئەوکاتە دەکەم کە لەدەرەوە بووین، من لە سووریا بووم، بۆیە من لەوبڕوایەدام، ئەم گەنجانە توانایان هەیە، بەڵام پێویستییان بە چاودێرییە، ئەمە ئێستا رۆڵی منە، ئەگەر 10 بۆ 12 یان 15 کورسی بەدەست بێنین، من وەك سەربازێك دەبم بۆیان، ئەو ئەزموونەی هەمە پێیاندەدەم، لەو 4 وەزارەتەی پێشتر بەڕێوەم بردوون، هەروەها ئەو ئەزموونەی لە خولێکی پەرلەمان بۆ ماوەی 4 ساڵ و نیو پەیدام کردووە لەگەڵ تۆ پێکەوە بووین، ئەم ئەزموونە رۆژانە دەدەمە ئەوانەی خۆیان بیانەوێت و سەردەکەون بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەی ویستی من ئامادەم، ئەوەی نەیویست ئازادە.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز جەبر، با بێینە سەر باسی پەیوەندی نێوان کورد و شیعە، ئاگاداریت لەوەی ئهو پەیوەندی مێژووییە لە یەك بەرەی دژ بە دیکتاتۆرییەت، بەڵام ئێستا کورد هەست دەکات لایەنی شیعە پشتگوێی خستووە، بۆ؟ هۆکاری ئەمە چییە؟
باقر جەبر: من لەو بڕوایەدا نیم کورد وەك هاووڵاتی هەست بکات، لەلایەن شیعەوە پشتگوێخراوە، بەڵام لەوانەیە کێشە لەگەڵ دەستەڵات هەبێت، مەبەستم حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری دروست دەکات، ئەو کێشانەی لە نێوان سەرکردەکانی شیعە منیش یەکێکم لەوان، لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بووە نەوەك گەلی کورد، کێشەکان بەهۆی ریفراوندۆمەوە دروستبوون، ئێمە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بووین، دابەشکردنی عێراق دروست نیە، ئەمە بیانوودانە بە تورکەکان، چەند رۆژێك لەمەوبەر سەربازگەیەکییان لە دهۆك داناوە، لە یەکێك لە گوندەکانی دهۆك، 2 هەزار سەربازییان لە باشیك هەیە، بە قوڵی 250 کیلۆمەتر، تورکەکان هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەتنە دەدەن، کە پێشتر بۆ گەڕاندەنەوەی ویلایەتی موسڵ واژۆکراوە، ئەمەیان بە ئاشکرا گوتووە، بۆیە ئەمە سەرەتا هەڕەشەیە بۆ سەر کوردەکان ئینجا ئێمە، ئەوان لەوبڕوایەدان ویلایەتی موسڵ، سلێمانی و هەولێر و نەینەوایە تاوەکو چیاکانی حەمرین، بۆیە لە ئەنجامدا ئەمە هەشەڕەیە سەرەتا بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق، بەڵام هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر کورد، ئایا ئێستا کورد مافی خۆی لەلایەن ئیستانبوڵ و ئەنقەرەوه پێدراوە!! نەخێر، من و شاندێك چووینە کەمپی مەکحول، گلەیی زۆریان هەبوو، دەیانگوت: لە کەمپین و بەدوامانەوەن، مەبەستم ئەوانەی سەر بە پەکەکەن، بۆیە من پێموایە کێشەکە بەهۆی ریفراندۆم دەستیپێکرد، ئەمە هەڵەیەکی مێژووییە سەرکردایەتی کورد بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، دووەم هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرکووك، راستە ئێوەی کوردیش مافتان لە کەرکووك هەیە، بەڵام عەرەب و تورکمانیش مافییان هەیە، کە نەتەوەی سێیەمن لە وڵات، بۆیە ئێمە هاوسۆز بووین لەگەڵ برایانمان لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووك، کێشەكه زیاتر قووڵ بوو، بۆیە حەشد بوو فەرماندەیی گەڕاندنەوەی کەرکووکی بۆ باوەشی عێراق کرد.
فهرهاد رهسوول: بەڕای تۆ ئەمە چارەسەرە، یان گەڕانەوە بۆ ماددە 140ی دەستوور چارەسەرە ؟
باقر جەبر: هەر چارەسەرێك هەبێت، دەبێت دەستووریانە بێت، بەڵام لێکدانەوەی جیاواز بۆ ماددەی 140 دەکرێت، کورد، مام جەلال پێی خۆشنەبوو بڵێین: "ئەکراد"، بەڵام ئەمە بۆ زمانی عەرەبی دروستە، برایانی کورد لێکدانەوەی جیاوازیان لەگەڵ ئێمە لەبارەی ماددەی 140 هەیە، ناوچەی کێشەلەسەر هەیە، پێویستە بە باشترین شێوە و بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێت، پێشتر لیژنەیەك دروستکرا، گەیشتە قۆناخی باش، بەڵام دواتر کوژایەوە، بۆ!! چونکە یان کورد رەتیدەکردەوە، یان عەرەب رەتییاندەکردەوە، مەبەستم عەرەبی سوننە و شیعەن. من ئێستا پێموایە ئەمە پێویستی بە بیر و رێچکەی نوێ هەیە، تاوەکو سەرکەوتووانی هەڵبژاردنی داهاتوو کاری لەسەر بکەن، چونکە نە لە بەرژەوەندی کورد و نە عەرەب بە سوننە وشیعەوە نیە، ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز جەبر، مادام باست لە خولی داهاتوو کرد، بەڕای تۆ لە خولی داهاتووی پەرلەمان و حکومەتیش، ئایا ئەم دوو کێشەیە ماددەی 140 و یاسای بودجە چارەسەر دەکرێن، کە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانە و پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نیە؟
باقر جەبر: بابەتی بودجە ئەو کاتەی ئێمە بۆ ماوەی 4 ساڵ و نیو لە پەرلەمان و لە وەزارەتی دارایش بووین، کورد گلەیی نەبوو، بەڕێز باوکی مەسرور، مەسعود بارزانیش ئاگادارە لەوەی ئەوکات هیچ کێشەیەك نەبوو، ئەگەر کێشەیەکیش هەبوایە، لەگەڵ شاندێك بە فڕۆکە سەردانی هەولێر و سلێمانیم دەکرد و بەلەیەك تێگەیشتن کۆتاییمان پێ دەهێنا، ئێمە وەك یەکك تیم کارمان دەکرد، بەڵام دوای ئێمە کێشەکانی نێوان کورد و بەغدا دروست بوون.
فهرهاد رهسوول: ئایا هیوا هەیە بۆ چارەسەرکردن؟
باقر جەبر: پێویستە بکرێت، ئەمە نیشتمانمانە، دەبێت نیشتمان بۆ هەمووان بێت، پێویستە ئێمەی کورد، عەرەب، تورکمان، ئێزیدی، مەسیحی، سوننە و شیعە مافەکانی خۆمان وەربگرین، بەبێ ئەوەی گوشار بخرێتە سەر یەکتر، هەموو ئەو وڵاتانەی دەورووبەرمان نەتەوەی جیاوازی تێدا دەژین، لە ئێران زیاتر لە 4 بۆ 5 نەتەوە، لە عەرەب و کورد و چەند نەتەوەیەکی دیکە هەن، هەروەها لە سووریا و چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامیش بهههمان شێوه.
فهرهاد رهسوول: با بێینە سەر باسی بوونی هێزەکانی بیانی، نەوەك تەنیا هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانان، بەڵکو ئێستا هێزەکانی تورکیاش و هەندێکجاریش سوپای ئێران گوندە سنوورییەکان تۆپباران دەکهن و سنوور دەبەزێنن، ئایا بەرای تۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانان ئێستا لە بەرژەوەندی عێراقە؟
باقر جەبر: چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا، یان ئەمهریکا جارێ دروست نیە، کێشەی لێدەکەوێتەوە، من دژی بە ئامانجگرتنی هەولێر و کونسڵخانە و باڵیۆزخانەکانی بیانیم لە عێراق، پێشتر لێدوانم لەوبارەیهوە داوە، چونکە لەبەرامبەر ئەو کونسڵخانە و باڵیۆزخانانە، ئێمەش کونسڵخانە و باڵیۆزخانەمان لە دەرەوە هەمانه، ئەگەر ئەمهریکا هەیەتی ئێمەش لەوێ هەمانە، لە تورکیاش بە هەمان شێوە، بۆیە من لەگەڵ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکانم، ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، چ ئەوانەی لە نەمسا واژۆ کراون، یان یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمەش ئەندامین لەو رێخکراوە، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبین، بۆیە من دژی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی هەولێرم، هەموو کەسێك لە فڕۆکەخانەدا هەیە، عێراقی ئەوەی گەشت دەکات، ئەوەی لە ئەوروپا دێتەوە یان دەچێتە ئەوێ، یان کەسێك لە هەولێرەوە سەردانی بەغدا دەکات، نابێت بەمشێوەیە بۆردوومان بکرێت، کەسانی بێتاوان ببنە قوربانی و ماڵی خەڵك وێران بکرێت، ئەمە جێگەی قبووڵکردن نیە و من دژی دەوەستمەوە، من پێشتر لەکاتی مووشەكبارانکردنی سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمهریکاش لێدوانم داوە، کاتێك مووشەك بەر ماڵی یەکێك لە دراوسێکانی بەرپرسی پاسەوانەکانم کەوت و منداڵەکانی شەو و رۆژ دەگریان لە ترسی مووشەکەکان، ئەوان چ تاوانێکییان هەیە!! تۆ بۆ لە باڵیۆزخانەی ئەمهریکا دەدەیت!؟ ئەوە سەربازگەی ئەسەد و چەندین بنکەی سەربازی دیکە هەن، دەتوانی ئەو شوێنانە مووشەك باران بکەیت، خەڵکی مەدەنی تێدا نیە و ئەوانیش تۆ بۆردوومان دەکەن، ئەمجۆرە شەڕە چ پێویستییەکە بۆ وڵاتەکەمان، دەبێت سەقامگیری و ئاسایش هەبێت، بۆیە من لەگەڵ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمهریکا و تورکیام، هەروەها هەموو هێزێك کە لەدەرەوەی وڵاتەوە هاتبێت، هەر هێزێك عێراقی نەبێت، پێویستە گۆڕەپانی عێراقی چۆڵ بکات، بەڵام ئەگەر ئێستا پێم بڵێیت: سەرۆك بایدن، نیازی کشانەوەی لە عێراق هەیە، وەك ئێستا دەگوترێت، من دەڵێم: نەخێر، بایدن لە نەوەدەکانەوە خاوەنی بیردۆزەی دابەشکردنی عێراقە بۆ 3 هەرێم، تەنانەت هەندێك دەڵێن: لە هەشتاکانەوە ئەم بیرۆکەیەی هەبووە، بایدن لە ئۆباماش جیاوازە، میدیای ئەمهریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، جیاوازی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بایدن بیرۆکەی دابەشکردنی سووریا و تەنانەت ئوردن و لوبنانیشی هەیە، بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل.
فهرهاد رهسوول: دوا پرسیار کە دەمەوێ بە راشکاوی وەڵامم بدەیتەوە!
باقر جەبر: من بەراشکاوی نەبێت وەڵامم نەداویتەوە، ئەمە سروشتی منە، ئەوەی لە دڵمدایە، لەسەر زارمە.
فهرهاد رهسوول: باشە، دەوترێت ئەو فراکسیۆنە بچووکانەی لە گەورەکانەوە جیابوونەتەوە، جۆرێکە لە فێڵی هەڵبژاردن، یان فێڵی پەرلەمانی، کە دەرچوون جارێکی دیکە دەچنەوە ناو فراکسیۆنەکانی پێشوو؟
باقر جەبر: من وەک خۆم قسەك بۆ دەکەم، بە وێنە و دەنگیشەوە لەسەرم بکە بەڵگە، ئەم قسەیە راست نیە، ئەمە سوکایەتییە بە فراکسیۆنە نوێیەکان و سوکایەتییە بە گەنجان و رای نوێ، تەنانەت ئەوانەی دیکەش، کاتێك قسە لەسەر فڵان و فیسار دەکەن، راست نیە، من دەزانم بەشێك لەوانەی لەناو هێزی ئیسلامی بوون و جیابوونەتهوە، ئێستا سەربەخۆن، بزووتنەوەکەی ئێمەش و کاندیدەکانی سەربەخۆن، گفتوگۆی ئازادانە لە نێوان کوڕان و کچانمان هەیە، بۆیە ئێمە دەڵێین: ئەم قسانە بەهیچ شێوەیەك راست نین، مەبەستیان سوکایەتییە بەم فراکسیۆنانە، ئەمە جۆرێکە لە شەڕ.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز جەبر هەرچەندە گوتم دوا پرسیار، بەڵام ئایا خاڵە ناکۆکەکانی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان، یان ماڵی شیعە چین؟ دەوترێت جۆرێك لە پەرتەوازەیی هەیە، خاڵە ناکۆکەکان چین؟
باقر جەبر: خاڵی زۆر هەن
فهرهاد رهسوول: لەبارەی چی؟
باقر جەبر: ئەگەر قسە لەسەر فراکسیۆنەکان بکەین، كه بۆچی ناکۆکی لەنێوانیان دروستبوو!! دوو بۆچوون هەیە، بە فڕاکسیۆنە کۆن و نوێیەکانیشەوە، رایەك هەیە پێیوایە فڵانە کەس بە سەرکردە و رابەر بمێنێتەوە، ئەمە هەرگیز نابێت، هەرکەسێکیش دەڵێت: سەرۆکایەتی وەزیران هی منە بڕوای پێمەکە، ئەمە تەنیا موزایەدەی هەڵبژاردنە.
فهرهاد رهسوول: تا ئێستاش رۆژانە ئەمە دەڵێن..
باقر جەبر: بەڵێ رۆژانە دەڵێن: سەرۆك وەزیران هی خۆمانە، نا سەرۆك وەزیران هی ئەو نیە، من پێی دەڵێم: سەرۆك وەزیران هی تۆ نیە، پەرلەمان سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێرێت، فراکسیۆنە سەرکەوتووەکان رێکدەکەون و هەڵیدەبژێرن، من پێشبینی دەکەم، رێککەوتنێکی شیعە و کورد هەبێت و گەورەترین کوتلە پێکبێنن، یان شیعە و تورکمان یان لەگەڵ ئێزیدی، بەمشێوەیە، ئەم تەوافوقە ئەگەر کرا كه پێویستە بکرێت، ئەوکات دەتوانین هەموو ئەو هاشوهوشە کۆتایی پێبێنین، کۆتاییش بەهەموو ئەو زیانانە بێنین، کە چەندین ساڵە تووشی عێراق بوونە، من پێموایە ئەمە بابەتێکی گرنگ و هەستیارە و بوونی فراکسیۆنە نوێیەکان، نیشانەی بەئاگاهاتنەوە و دروستی کاری سیاسییە لە عێراق.
فهرهاد رهسوول: با لەم پرسیارەشدا راشکاو بین!
باقر جەبر: نا خەمت نەبێت هەر پرسیارێکت هەیە بیکە و راشکاو دەبم لەگەڵت، بە راشکاوی نەبێت وەڵامت نادەمەوە، ئەگەر بشمەوێت وەڵامت نەدەمەوە، دەڵێم بمبورە، واتە ئەگەر ئیحراجم بکات.
فهرهاد رهسوول: هەربژی نا ئیحراجت ناکەم، لەبارەی سەرانی حزبە گەورەکان، چیان بەسەر دێت؟ رازی دەبن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر رازی نەبن چی؟
باقر جەبر: بە ئارەزووی خۆیان نیە.. هەردەبێ رازی بن، چاودێرانی نێودەوڵەتی هەن، لە کۆمکاری عەرەبیشەوە 150 چاودێر دێت، ئەمە جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا، ئەنجوومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان 450 چاودێر دەنێرێت و هەریەکەیان دەیان هاوکاریان لەگەڵدایە، هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رۆڵییان لە چاودێریکردن دەبێت، ئێمەی سەربە فراکسیۆنە جیاوازەکان، رۆڵمان لە چاودێری دەبێت، بۆیە کاتێك بیستم بردنی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان بۆ وێنەگرتنی ئەنجامەکان، رەخنەی زۆرم گرت و بۆ کۆمسیۆن بەرزم کردەوە، بەڵام گوتیان ئەمە فراکسیۆنەکان ناگرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەوانیش بگرێتەوە، مانای وایە، ساختەکاری دەکرێت، من دەمەوێت بازنەی هەڵبژاردنی خۆم تۆمار بکەم، خۆ ئەنجامەکان هەڵناواسرێن، تۆماری دەکەم و دەینێرم بۆ ناوەندەکەمان، ئێمە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریمان داناوە، ئەنجامەکان کۆدەکەینەوە و پێش راگەیاندنی لەلایەن کۆمسیۆنەوە، ئێمە ئەنجامی خۆمان دەزانین، بۆیە کۆمسیۆن گوتی: ئەمە بۆ ئەو هاووڵاتییەیه كه دەنگ دەدات، چونکە دەگوترێت ئەگەر هاووڵاتییەکە بە وێنەی دەنگدانەکەی نەگرێت، 100 دۆلارەکە لەلایەن ئەو حزبەوە وەرناگرێت کە بەڵێنیداوە دەنگی پێبدات، سەیرکە بێسەرووبەری گەیشتووەتە چ ئاستێ!! ئەمە جیا لە کڕینی کارتەکان، سوپاس بۆ خوا خەریکە یەك بەیەك دەردەکرێن و پەنابەخوا هیچییان نامێنن.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز، سەرانی حزبە گەورەکان، پارە و چەکییان هەیە؟ بەریەککەوتن دروست دەبێت؟
باقر جەبر: بە لێکدانەوەی من، بڕیاری حکومەت بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئەمنی زۆر لەجێی خۆی بوو، من پێشتر ئەندامی لیژنەی ئەمنی چاودێری هەڵبژاردنەکان بووم، بۆ پارێزگاریکردن لە هەڵبژاردنەکان، لەرێگەی 3 بازنەوە پارێزگاریمان لێدەکرد، بۆیە پارێزگاریکردنێکی تەواو لەلایەن سوپاوە هەیە، پێویستیشە حکومەت ئەوەی گوتوویەتی جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لەرێگەی 3 بازنەوە بپارێزێت، بازنەی یەکەم لەرووی ئەمنییەوە بنکەکە بپارێزن، دواتر رێگریکردن لە ساختەکاری و رێگری لە کارتی ساختەکراوەکان.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز لەبارەی حکومەتی داهاتووەوە، ئایا بەرای تۆ دەتوانێت کۆنترۆڵی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان و ئەوانەی دەرەوەی دەستەڵاتی حکومەت بکات؟
باقر جەبر: بە بڕوای من دەبێت ئەم بابەتە کۆتایی پێبێت، من تێبینیم لەسەر وشەی میلیشیا هەیە، ئەگەر مەبەستت حەشدە!!
فهرهاد رهسوول: دوو جۆر حەشدمان هەیە، حەشدی عێراقی و حەشدی وەلائی!
باقر جەبر: ئەمە راست نیە، هەرگیز ئەمە راست نیە، حەشد لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، ئەمانە پێویستە لە ژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان رێکبخرێن، ئەگەر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەتوانێت سەربازەکانی کۆنترۆڵ بکات، ئەمە کارەساتە، بۆیە دەبێت لایەنەکانی حەشد و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی رێکبخەین، هەندێکجار لەناو هێزەکانی تریش بێسەرووبەری دروست دەبێت، لە پۆلیسی فیدراڵی یان لە پۆلیسی ئاسایی، لەسەر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و نوسینگەکەی، چاودێریی ورد بکەن، ئەم بابەتە دەبێت یەکلاییبکرێتەوە، نابێت بێسەرووبەری هەبێت و بوار بەم و ئەو بدرێت.
فهرهاد رهسوول: بەڕێز باقر، دەربارەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئایا باشتر نیە سوپا و پێشمەرگە بەیەوە کاربکەن، بۆ زامنی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە، خۆت دەزانیت داعش بە تایبەت لە سێگۆشەی سوننی؟
باقر جەبر: کێشە نیە، بەڵام بە مەرجێك دوای هەڵبژاردن لیژنەیەك لە پەرلەمانی نوێ پێکبێت، لیژنەیەکی عەرەبی سوننە و شیعە، حەزناکەم ناو بێنم، بەڵام لە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکبێت، بەگوێرەی رێژەی ژمارەی دانیشتووان، لیژنەکە کار لەسەر ماددەی 140 بکات و تەوافوقی لەسەر بکەن و دواتر وەك گوتت، لەڕووی مەیدانییەوە سوپای عێراق و پێشمەرگە لەو ناوچەیه بەگوێرەی رێککەوتنەکە کارەکانی خۆیان بکەن.
فهرهاد رهسوول: باشە، بەڕێز باقر جەبر زوبەیدی، با وەك پێشوو هەڵە نەکەم، وەزیری پێشووتر و ئەمینداری گشتی بزووتنەوی ئینجاز، زۆر سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە و بۆ ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ تەلەفزیۆنی کوردستان24.
باقر جەبر: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و کوردستان 24.
فهرهاد رهسوول: سوپاس بۆ ئێوە.