بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات
هەرلایەنێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت
K24 – هەولێر
وادەی بانگەشەی حزب و قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆتاییهات، هەر لایەنێکیش لە دوای وادەکە بانگەشە بکات سزا دەدرێت.
بەگوێرەی ئەو وادەیەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردبوو، کاتژمێر 6ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بانگەشەی حزب و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆتاییهات و هەرلایەنێک سەرپێچی بکات لەلایەن کۆمسیۆنەوە سزا دەدرێت.
سبەی یەکشەممە 10/10/2021، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەڵبژاردنە کە زووتر لە وادەی خۆی ئەنجامدەدرێت و پێی دەگوترێت "هەڵبژاردنی پێشوەختە" لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خەڵک لە حکومەتی عێراق بڕیاری لێدراوە، یەکێک بووە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق لە دوو ساڵی رابردوو بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختە 24 ملیۆن و 299 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 17 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا 988 هەزار کەس لە عێراق، بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، کە لە دایکبووی 2001 و 2002 و 2003ـن.