هەر کەسێک فشار لە دەنگدەران بکات سزا دەدرێت
"رێژەی بەشداربوون لە دەنگدانی تایبەت 69٪ بووە"
K24 - هەولێر
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرکەسێک لەدەنگدانى تایبەت دەسەڵاتى خۆى بۆ فشارکردن لە دەنگدەران بەکارهێنابێت، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سزا دەدرێت.
حسێن هنداوى، راوێژکارى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى رایگەیاند "مستەفا کازمى فەرمانیداوە بە لێپێچینەوە و سزادانى هەر کەسێک کە هەوڵیدابێت، لە دەنگدانى تایبەت دەسەڵاتى خۆى بۆ فشارکردن لە دەنگدەران بەکارهێنابێت".
دوێنێ 8/10/2021، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەچوو. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، رێژەی دەنگدانی تایبەت 69٪ بووە و 821 هەزار و 800 کەس بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.