پارتی: لە سلێمانی دوو کورسیمان مسۆگەر کردووە

کاندیدێکی دیکەی پارتی لە رکابەری دایە

بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

K24 – سلێمانی

دوو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتوون و کاندیدێکی دیکەش لە رکابەری دایە.

کامەران غەریب، کارگێڕی لقی 4ی پارتی لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سنووری سلێمانی دوو کورسیمان مسۆگەر کردووە و کاندیدی سێیەمیشمان رکابەری دەکات، بۆ بە دەستهێنانی کورسی سێیەم، بێگومان ئەمە ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە".

راشیگەیاند: "وەک پارتی بانگەشەمان بەشێوەیەکی ئارام و تەندروست بەڕێوەبرد و خەڵکیش متمانەی بە پارتی بەخشییەوە".

کامەران غەریب، گوتی: "لەم هەڵبژاردنەش وەک هەڵبژاردنەکانی دیکە تێبینی لەسەر پڕۆسەی دەنگدان هەبوو، بەتایبەتی لە گرفتی ئامێرەکانی دەنگدان، بەڵام ئەوەی گرنگە بیسەلمێنین کە کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە حوکمڕانی عێراق، دەبێ پەیامی ئەوەش بە لایەنە عێراقییەکان بدەین کە کورد بە هەموو پێکهاتە و حزبەکانەوە بە یەکڕیزی داوای مافەکانی خۆی دەکات کە تائێستا لێی زەوتکراون".