وەزیری بازرگانی: تۆمارکردنی کۆمپانیا دەکەینە ئۆنلاین
"تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە رووی کات و تێچوو زۆر کەمدەبێتەوە"
K24 - هەولێر
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کار بۆ ئۆنلاینکردن تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەتەواوبوونی سیستمە، تۆمارکردنی کۆمپانیا یەک رۆژ دەخایەنێت، ئەمەش دەبێتە کارئاسانییەکی زۆر بۆ بازرگانان و کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی دەبێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە کوردستان24ی راگەیاند: "گۆڕانکاریمان لە چەند یاسایەک کردووە و سیستمێکی ئەلیکترۆنیمان داناوە، کە لە قۆناغی کۆتایی دایە، ئەو سیستمە تەواو بێت، پڕۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە رووی کات و تێچوو زۆر کەمدەبێتەوە، ئەوکات بە یەک رۆژ دەتوانرێت کۆمپانیا تۆمار بکرێت".