گۆڕان بڕیار لە داهاتووی خۆی دەدات
چەند پێشنیاز و راسپاردەیەک دەخرێنەڕوو
K24 – سلێمانی
دوای ئەوەی دوێنێ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی رێکخەری گشتی کۆبوونەوەیەکی شەش کاتژمێریان ئەنجامدا، ئێستا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەبارەی داهاتووی بزووتنەوەکە لە کۆبوونەوە دایە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق نەیتوانی هیچ کورسیەکی پەرلەمانی بەدەست بێنێ، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی حزبەکەی لێکەوتەوە. بۆ کاری داهاتوو گۆڕان، ئۆرگانەکانی ئەو بزووتنەوەیە چەند پێشنیاز و راسپاردەیەکیان خستووەتەڕوو، کە یەکێک لە راسپاردەکان دەستلەکارکێشانەوەی رێکخەری گشتی گۆڕانە.
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی بزووتنەوەکەیان بدەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی ئەمڕۆ بڕیار لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی رێکخەری گشتی و گۆڕانکارییەکانی دیکە نەدات، پێشنیازێکی دیکە هەیە هەفتەی داهاتوو هەردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی گۆڕان بۆ بڕیاردان کۆببنەوە".
پێشنیازێکی دیکە لەناو ئۆرگانەکانی گۆڕان ئەوەیە، کە کادیرەکانیان لەناو حکومەتی هەرێم و ئیدارە خۆجێییەکان بکشێنەوە، لەسەر ئەم پێشنیازەش هەڵسوڕاو و ئەندامانی گۆڕان دووبەرەن، بەشێکیان پێیانوایە ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە کوردستانەوە نەبووە تا کارکردنیان لە کوردستان هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانیان و بەدەست نەهێنانی کورسی پەرلەمانی عێراق بێت.