هێزەکانی عێراق لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک دەکشێنەوە

دوای پەیوەندی تەلەفۆنی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی ئەو هێزانە پاشەکشەیان پێکرا

ساتی کشانەوەی هێزەکانی عێراق لەناو شاری کەرکووک
ساتی کشانەوەی هێزەکانی عێراق لەناو شاری کەرکووک

K24 – کەرکووک

دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێزێکی زۆر لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک جێگیر کرا و زیاتر لە 50 هاووڵاتی کوردیان دەستگیر کرد. بە هەوڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێزە لە گەڕەکەکان کشێنرایەوە.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی شاری کەرکووک کرد، کە لە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە لایەن هەندێک کەسەوە، هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیران، هاوڕابوون لە سەر ئەوەی نابێت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت، کە ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات، بۆیە پێویستە بە زووترین کات، کۆتایی بەو دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە بهێنرێت کە لە کەرکووک دروستکراوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، بڕیاریدا، هەموو دەستگیرکراوەکانی کەرکووک ئازاد بکات.

 

Fly Erbil Advertisment