ژمارەیەک چەکدار هەڵدەکوتنە سەر گوندێکی سەرگەڕان

7 مۆبایلی هاووڵاتییانیان بردووە

گوندی لێهبا - ئەرشیف
گوندی لێهبا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکدار هەڵدەکوتنە سەر گوندی لهێبان لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان-ی کەرکووک و 7 مۆبایلی هاووڵاتییانی گوندەکە دەبەن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو چەکدارانە یەکەم شوێن بۆ ماڵی ئێمە هاتوون و بەدوای باوکم دا گەڕاون کە پێشمەرگەیە، بەڵام باوکم لە ماڵەوە نەبوو، هەوڵیانداوە، باپیرم ببەن، بەڵام ئەو توانای رۆشتنی نییە، هەڕەشەی کوشتنیان لێی کردووە".

گوتیشی: "چەکدارەکان 5 مۆبایلیان لە ماڵی ئێمە و 2 مۆبایلی دیکەشیان لە ماڵی دراوسێکانمان بردووە".

ئەو هاووڵاتییەی دانیشتووی گوندی لهێبان، کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە نەیویست ناوی بنوسرێت، باسی لەوەشکرد: "ئەو چەکدارانەی هەڵیان کوتاوەتەوە سەر گوندەکەمان چەند چەکدارێکیان کورد بوونە، کە گومان دەکرێت چەکدارانی داعش بن".

راشیگەیاند: "دوای ئەوەی خەڵک گوند ئاگادار دەبنەوە کە ئەو چەکدارانە هاتوونەتە ناو گوند، لێیان دێنە دەست و دەبێتە شەڕ لەنێوان هاووڵاتییانی گوند و چەکدارەکان، گوندنشینان چەکدارەکان لە گوند دوور دەخەنەوە".

سەرچاوەیەکی دیکە لە گوندەکە بە پەیامنێری کوردستان24ی گوتوە: ئەو چەکدارانە داعش بوونە و نزیکەی 15چەکداربوونە، بە جلوبەرگی سەربازییەوە هاتوونەتە نێو گوندی لهێبان، ئەو چەکدارانە بەدوای سێ کەسدا گەڕاون، کە باوک و دوو کوڕن و پاسەوانی بیرەنەوتەکانن، بەڵام کەس شوێنی ئەوکەسانەی پێ نەگوتوون ، دوای نزیکەی کاتژمێرێک مانەوە لەنێو گوندەکە، خەڵکی گوندەکە بەهاوکاری پێنج پێشمەرگەی ناوچەی سەرگەڕانی پارتی تەقە لەوچەکدارانە دەکەن و هەڵدێن".