مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ پلاسخارت ده‌كات

هەردوولا خوازیاربوون کە حکومەتی داهاتووی عێراق، حکومەتێکی گشتگیر بێت

دیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
دیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

K24  - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کرا و ڕۆڵی چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پشتگیریکردن و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرز ھەڵسەنگێنرا.

هەردوولا خوازیاربوون کە حکومەتی داهاتووی عێراق، حکومەتێکی گشتگیر بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بکات.