له ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له مزگه‌وتێكی قه‌نده‌هار زیاتر له 30 كه‌س كوژران
ته‌قینه‌كه له‌كاتی نوێژی هه‌ینی ئه‌نجامدرا و جگه له كوژراوان ده‌یان كه‌سیش برینداربوون

K24- هه‌ولێر:
له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌كاتی نوێژی هه‌ینی له یه‌كێك له مزگه‌وته‌كانی شیعه مه‌زهه‌به‌كان له شاری قه‌نده‌هاری ئه‌فغانستان، 32 كه‌س كوژران و 53 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
پزیشكێك له نه‌خۆشخانه‌ی "میروه‌یسی ناوه‌ندی" به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، "تا ئێستا ته‌رمی 32 كوژراو له‌گه‌ڵ 53 كه‌سی دیكه كه له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا برینداربوونه، گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه‌یان".
ئه‌و مزگه‌وته‌ش له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك داوای خوێنبه‌خشینی بۆ بریندارانی ته‌قینه‌وه‌كه له خه‌ڵك كرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ش به فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، كه ده‌نگی 3 ته‌قینه‌وه‌ی به‌دوای یه‌كدا بیستووه، یه‌كێكیان له ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی مزگه‌وته‌كه روویداوه، یه‌كێكیش له باشووری مزگه‌وته‌كه و ئه‌وی دیكه‌شیان له شوێنی ده‌ستنوێژ هه‌ڵگرتن بووه.
شاهێد حاڵێكیش دووپاتیكرده‌وه، سێ ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئه‌و مزگه‌وته‌یان هه‌ژاند كه به‌رده‌وام زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك له‌و مزگه‌وته به‌شداری نوێژی به‌كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه قاری سه‌ید خۆستی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، "هه‌ستمان به خه‌مباری كرد كاتێك هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌ی مزگه‌وتی برا شیعهكانمان له ناوچه‌ی یه‌كه‌می شاری قه‌نده‌هار بیست، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیانمان شه‌هید و بریندار بوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێزه تایبه‌ته‌كانی ئیماره‌تی ئیسلامی (تاڵیبان) گه‌یشتنه شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه، بۆ ده‌ستنیشانكردنی سروشتی رووداوه‌كه و به‌دواداچوون بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه".
به‌گوته‌ی ئاژانسه فه‌ره‌نسییه‌كه، له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری نوێژكارانی شیعه له مزگه‌وته‌كه بوون و دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ش كوژراو و برینداره‌كان له‌ڕێگه‌ی 15 ئه‌مبوڵانسه‌وه ده‌گوازرانه‌وه نه‌خۆشخانه.
له چه‌ند وێنه‌یه‌كیشدا كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه و هه‌رچه‌ند نه‌توانراوه پشتڕاست بكرێته‌وه ئاخۆ هی رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆن یان هی كاتێكی دیكه‌ن، به‌ڵام له دیمه‌نه‌كانیاندا وێنه‌ی چه‌ندین ته‌رم نیشان ده‌درێن، كه له مزگه‌وتی فاتمیه له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتوون.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆییش له بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، رایگه‌یاند، زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، كه ته‌قینه‌وه‌كه خۆكوژی بووه و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ئه‌و رووداوه كراوه‌ته‌وه.
H.B