ئه‌ردۆغان: تاڵیبان داوای هاوكاریی له ئێمه كردووه و ئێمه‌ش بۆ هه‌موو پاڵپشتییه‌ك ئاماده‌ین
"ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تاڵیبان و قه‌ته‌ر گه‌یشتینه رێككه‌وتن دووباره ئه‌ركی به‌كارخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول ده‌گرینه‌وه ئه‌ستۆ"

K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، شاندی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه به‌م دواییانه سه‌ردانی توركیای كرد، چه‌ند داواكارییه‌كی له‌باره‌ی هاوكاری مرۆیی و قۆناغی نوێ له ئه‌فغانستان هه‌بوون و جه‌ختی كرده‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نقه‌ره هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌مڕۆ له گوتارێكدا سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هه‌موو جۆره پاڵپشتییه‌كی په‌یوه‌ندیدار به بواری مرۆیی و قۆناغی نوێی ئه‌و وڵاته پێشكه‌ش به گه‌لی ئه‌فغانستان ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، توركیا پێشتر ئه‌ركی به‌كارخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابولی له ئه‌ستۆ بوو، ئه‌گه‌ر له ماوه‌كانی داهاتوو به رێككه‌وتنێك گه‌یشتین، ده‌توانین سه‌رله‌نوێ به هاوكاری له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و ئیداره‌ی نوێی ئه‌فغانستان ئه‌و ئه‌ركه بگرینه‌وه ئه‌ستۆ.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ
H.B