عێراق... 100 هه‌زار كه‌س به‌ رووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

"هۆكاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی هاتوچۆ به‌كار هێنانی مۆبایله‌"

رووداوێكی هاتوچۆ، ئه‌رشیف
رووداوێكی هاتوچۆ، ئه‌رشیف

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، له‌ماوه‌ی (10) ساڵی رابردووی، (100) هه‌زار كه‌س به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی رووداوه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، ئاماره‌كانی قوربانیانی هاتوچۆ له‌ ماوه‌ی (10) ساڵی رابردوو، ده‌ریخستووه كه‌ له‌ كۆی (66) هه‌زار رووداوی هاتوچۆ، (100) هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، جیا له‌وه‌ش (79) هه‌زاریش بریندار بوونه‌.

راشیگه‌یاند، هۆكاری سه‌ره‌كی زۆربوونی رووداوه‌كانی هاتوچۆ، خێرا لێخۆڕینه‌، جیا له‌وه‌ش شۆفێرانی عێراق به‌ هێماكان و یاساكانی هاتوچۆ، پابه‌ند نابن، یاخوود له‌ كاتی لێخوڕیندا شۆفێران ئاگاداری ده‌وروبه‌ری خۆیان نین.

رائیدی پۆلیس فوئاد جه‌بار، كه‌ ئه‌فسه‌رێكی هاتوچۆی عێراقه‌، رایگه‌یاند، هۆكاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی هاتوچۆ به‌كار هێنانی مۆبایله‌، وێڕای خێرا لێخوڕین له‌ لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌.

راشیگه‌یاند، مه‌ترسیدارترین رێگا له‌ عێراق، رێگه‌ی كه‌ركووك به‌غدایه‌ له‌ به‌ری باكووره‌وه‌، كه‌ به‌ رێگای مردن ناسراوه‌.