په‌نابه‌رێكی ئێرانی له توركیا ده‌م و گوێی دووریوه‌ته‌وه
وه‌ڵام نه‌درێته‌وه چاویشی ده‌دورێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
په‌نابه‌رێكی سیاسی ئێرانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه.به ده‌زوو ده‌م و گوێی خۆی دووریوه‌ته‌وه.
ئه‌و هاوڵاتیه ئێرانی یه ته‌مه‌نی 48 ساڵه و ناوی (غوڵام ڕه‌زا شیردام ) ه و له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵای ناوچه‌ی نیدهی ناوه‌ڕاستی توركیا ده‌ژی" دوای ئه‌وه‌ی پێش 7 ساڵ به‌هۆكاری سیاسی وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشتووه و په‌نای هێناوه بۆ توركیا.
شیردام به ڕۆژنامه‌وانانی گوتووه كه ساڵی یه‌كه‌م هاتووه‌ته توركیا چوه‌ته نوسینگه‌ی كۆمیسیۆنی كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌خت و دواكاری بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ری پێشكه‌ش كردووه و وه‌ك په‌نابه‌رێكی یاسایی قبوڵ كراوه.
غوڵام ڕزا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه مادام پێش 7 ساڵ وه‌ك په‌نابه‌رێكی یاسایی قبوڵكراووم كه‌واتا مافی ئه‌وه‌م هه‌یه دوای مافی په‌نابه‌رێتی له ده‌وڵه‌تێكی دیكه بكه‌م، به‌ڵام دوای حه‌وت ساڵ كۆمیسیۆنی په‌نابه‌ران وه‌ڵامی داواكاریهكهمیان نه‌داوه‌ته‌وه" بۆیه وه‌ك ناڕزایی ده‌م و گوێی خۆم دووریوه‌ته‌وه.
ئه‌و په‌نابه‌ره ئیرانیه ماوه‌ی 20 ڕۆژی خستوه‌ته به‌رده‌م كۆمیسیۆنی كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌ڵامی ئه‌رێنی نه‌ده‌نه‌وه چاویشی ده‌دورێته‌وه.
شیردام پێنج ڕۆژه ده‌م و گویی دوریوه‌ته‌وه و ته‌نها ئاو و شه‌كر ده‌خوات، به‌ڵام تائێستا باسی هۆكاری داواكارییه‌كه‌ی نه‌كردووه كه بۆچی داوای مافی په‌نابه‌ری له وڵاتێكی دیكه كردووه و له توركیا نامێنێته‌وه.