ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق دەکات

ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات حکومەتێکی نیشتمانی لە عێراق پێکبهێنرێت
ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنی عێراق بەرز ده‌نرخێنێت
ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنی عێراق بەرز ده‌نرخێنێت

K24 - هه‌ولێر:

لە راگەیێندراوێکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی لە عێراقییەکان دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی عێراق و رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم کە لە عێراق بەڕێوەچوو، جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و پێشووتری ئەو وڵاتە پاك و بێگەرد بووە، لە بەڕێوەچوونیدا رێکاری پێویستی بۆ گیراوەتەبەر.

ئەنجومەنی ئاسایش جەخت لە پشتیوانیکردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکاتەوە و لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا پشتیوانی لە هەوڵەکانی نیردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکە دەکات.

ئاماژەی به‌وه‌ش كرد، لەسەر داوای کۆمیسیۆن و حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان هاریکاری و پشتیوانی لۆجێستی و رۆڵی چاودیری لە هەڵبژاردنەکە گێڕاوە.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش لەسەر راگەیاندنی ئەنجامەکان داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و کاردانەوەکانیان نەگاتە ئاستی نانەوەی پشێوی، لە چوارچێوەی یاسا دەرکراوەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، داواش دەکات لایەنەکانی سەرکەوتووی هەڵبژاردن حکومەتێک دروست بکەن، کە وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بتوانێت گەشانەوەی ئابووری و دەرفەتی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتیانیان دابین بکەن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێشوازی له‌ راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌م. داواش له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌م، په‌له‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی گشتگیر بكه‌ن، كه‌ توانای بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی باشی بۆ گه‌لانی عێراق هه‌بێت.