ئومێد خۆشناو: له هه‌ولێر كێشه‌ی غاز چاره‌سه‌ر كراوه و رێگه له قۆرخكاری ده‌گیرێت
هه‌ندێك ئاسته‌نگ هه‌ن و شاندی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان سه‌ردانی به‌غدای كردووه
K24 – هه‌ولێر:
گرانبوونی نرخی غازی ماڵان و به‌نزین و كه‌لوپه‌ل و خۆراك لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هێناوه‌ته سه‌ر هێڵ و به‌شێك له گرفته‌كان چاره‌سه‌ر كراون و پارێزگاری هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو ره‌تیده‌كاته‌وه له هه‌ولێر هیچ قه‌یرانێك به ناوی قه‌یرانی غاز هه‌بێت و گوتیشی: له هه‌وڵی چاره‌سه‌ره‌كردنی كێشه‌ی سوته‌مه‌نین و پاڵاوتگه‌كان فشاریان له‌سه‌ر كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌م زیاتر بكه‌ن و به‌شی پێداویستی ناوخۆ بكات.
له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر (06:00)ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (23ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2021)، له باره‌ی گرانبوونی نرخی سووته‌مه‌نی و خۆراك و كه‌لوپه‌ل، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو لایه‌كی راسپاردووه رێگری له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ بكه‌ن.
گوتیشی: به‌شێك له كاڵاكان و سوته‌مه‌نی له ئاستی جیهان نرخیان هه‌ڵكشاوه. هۆكارێكی دیكه‌ش بوونی هه‌وڵی قۆرخكارییه، كه ئێمه له هه‌وڵداین بۆ رێگرتن له‌و حاڵه‌ته.
سه‌باره‌ت به سووته‌مه‌نیش، گوتی: وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رێككه‌وتنیان هه‌بووه و هه‌ندێك ئاسته‌نگ هه‌ن و شاندی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان سه‌ردانی به‌غدای كردووه و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌درێت.
له باره‌ی گرانبوون و كه‌مبوونی غازی پێویست، ئومێد خۆشناو گوتی: ئێمه دڵنیایی ده‌ده‌ین و قه‌یرانی غاز له ئارادا نییه، هۆی گرانبوونیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كێڵگه‌ی كۆرمۆر نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردراون، چاودێری نرخی غاز بكه‌ن و ئێستا ئۆتۆمبێله‌كان له گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌گه‌ڕێن و غاز ده‌فرۆشن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه غاز ده‌هێنن، بۆیان نییه به ئاره‌زووی خۆیان نرخی له‌سه‌ر دابنێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئومێد خۆشناو باسی له كێشه‌ی كه‌می و گرانبوونی به‌نزینی كرد و گوتی: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین په‌یوه‌ندی به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت هه‌یه. حكومه‌ت هه‌موو رێكارێكی گرتووه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به كوالێتییه‌كی به‌رز به‌نزین هاورده بكرێت. رێگه‌ش نادرێت به‌نزینی كوالێتی نزم هاورده بكرێت. كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانیش فشاریان له‌سه‌ر درووستكراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌م زیاد بكه‌ن و به‌شی پێداویستی ناوخۆ بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، ئومێد خۆشناو، باسی له مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا و رێكاره‌كان كرد و گوتی: له‌م چه‌ند رۆژه‌دا رێژه‌ی مردن و تووشبوون به‌رز بووه‌ته‌وه. رۆژی دووشه‌ممه لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه و گوێ له راپۆرتی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ته‌ندرووستی جیهانی ده‌گیرێت و بژارده‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆمان نییه. راگرتنی خوێندن و داخستنی قوتابخانه له بژارده‌كانمان نییه. به‌ستنی ماسك له فه‌رمانگه و قوتابخانه‌كان ده‌بێته ناچاری. رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وام و خۆ دوورگرتن ره‌چاوده‌كرێت.