یۆنان: به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران نقووم بوو 4 منداڵ تێیدا خنكان
"رووداوه‌كه له دوورگه‌ی (خیووس)ـی یۆنانی له نزیك كه‌ناراوه‌كانی توركیا روویداوه"
K24- هه‌ولێر:
یۆنان، توركیای به نقوومبوونی به‌له‌مێكی كۆچبه‌رانی نایاسایی تۆمه‌تبار كرد، كه تێیدا 4 منداڵ خنكان و كه‌سێكیش بێ سه‌رو شوێنه.
نوتیس میتاراخی، وه‌زیری كۆچبه‌رانی یۆنان له تویتێكدا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ی له دوورگه‌ی (خیووس) روویدا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئیشكگرانی كه‌ناراوه‌كانی یۆنان هه‌وڵی رزگاركردنی ئه‌و چوار منداڵانه‌یاندا، به‌ڵام به داخه‌وه دواجار خنكان.
راشیگه‌یاند، ته‌مه‌نی منداڵه‌كان له نێوانی (3 تاوه‌كو 14) ساڵان بوون، سه‌رنشینه‌كانی دیكه دوای رزگاركردنیان بۆ شوێنێكی وشكانی گوازرانه‌وه.
روونیكرده‌وه، رووداوه‌كه له دوورگه‌ی (خیووس)ـی یۆنانی له نزیك كه‌ناراوه‌كانی توركیا روویداوه.
گوتی: ده‌كرێت توركیا رێگری له‌و قاچاخچیانه بكات كه خه‌ڵك به‌م شێوه دڕنده‌ییه به به‌له‌مێكه‌وه ده‌گوازنه‌وه یۆنان، ئه‌وان بێ ویژدان و تاوانبارن، ژیانی خه‌ڵكی ده‌خه‌نه مترسییه‌وه، به به‌له‌مێكه‌وه ناكرێت له دوورگه‌ی خیووس به‌م سه‌رماو سۆڵه، هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه بدرێت.
دوای ئه‌م رووداوه، پاسه‌وانانی كه‌ناراوه‌كانی یۆنان 22 كه‌سیان له سه‌رنشینه‌كانی ئه‌و به‌له‌مه رزگار كرد، كه 14 پیاو و 7 ژن و منداڵێك بوون.
میدیا یۆنانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، ئه‌و قاچاخچیانه كه‌ش و هه‌وا له‌به‌رچاو ناگرن، جیا له‌وه‌ش (ئێله‌گی رزگاركردن) به‌و سه‌رنشینانه ناده‌ن، ته‌نیا ده‌یانه‌وێت به كاتێكی كه‌م بیانپه‌ڕێننه‌وه و بڕێك پاره وه‌ربگرن.