پشووی ئەمڕۆ سنووری ئیدارەی سۆران ناگرێتەوە

ئیدارەی سۆران: هیچ رووداوێکی نەخوازراو روینەدا لە سنووری ئیدارەکەمان، ناکرێت بەبێ هۆکار پشوو رابگەیەنرێت

قەزای سۆران
قەزای سۆران

K24 – هەولێر

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی ئاستەنگ لە چەند رێگا و شەقامێک ئەمڕۆ لە هەولێر کرایە پشووی فەرمی، بەڵام ئەو پشووە سنووری ئیدارەی سەربەخۆ ناگرێتەوە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ئاگاداری دەزگا فەرمی و نافەرمییەکان و هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەینەوە، دوای بڕیاری بە ئیدارەبوونی سۆران هەر بڕیارێک لەسەر ئاستی پارێزگای ھەولێر دەربچێت ئیدارەی سۆران ناگرێتەوە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

 لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "سوپاس بۆخوا هیچ رووداوێکی نەخوازراو روینەدا لە سنووری ئیدارەکەمان، ناکرێت بەبێ هۆکار پشوو رابگەیەنرێت، بڕیاری پشوو بۆ ناوەندی پارێزگای هەولێر و دەوروبەری لە ئەنجامی ئەوە بوو، دوێنێ شەممە بەهۆی لافاو کە لە راگەیاندراوەکەیان ئاماژەیان پێدابوو بە هۆی داخرانی رێگاو بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی رێگاو شۆستەکان بوو، کە گرفتی بۆ هاتووچۆ دروستکردوە،و هەربڕیارێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربچێت هەرچوار قەزای ئیدارە دەگرێتەوە".