پەیامنێری کوردستان24: تا کۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای تورکمان دەبێت
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ دانیشتنێکی نائاسایی ساز دەکات، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24ـیش، کاندیدی فەرمیی بەرەی تورکمانی دەنگی پێ دەدرێت و تا کۆتایی ئەمساڵ پۆستەکە لە لایەن تورکمانەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دانیشتنێکی نائاسایی و بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بکات. بۆ ئەو مەبەستەش بە نووسراوێکی فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کراوە تا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکەنەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوە فەرمییەکە، دانیشتنەکە کاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
هەر بە گوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، قەحتان وەنداوی، کاندیدی فەرمیی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کراوە و بڕیارە لە دانیشتنە نائاساییەکەی ئەمڕۆدا دەنگی پێ بدرێت، بەوەش قەحتان وەنداوی دەبێتە سێیەم پارێزگاری شارەکە لەمساڵدا و تا کۆتایی ئەمساڵ پۆستەکە بەڕێوە دەبات.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێک دێت، لە هەڵبژاردنی 18ی کانوونی یەکەمی 2023دا، لایەنە کوردییەکان حەوت کورسی (پێنج یەکێتی و دوو پارتی)، پێکهاتەی عەرەب شەش کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان بەدەست هێنا.
بە گوێرەی رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەکاندا لە ساڵی 2024، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە خولی بەڕێوە دەبرێت، سەرەتا رێبوار تەها لە ئابی 2024ـەوە تا نیسانی 2026 بۆ ماوەی 20 مانگ پارێزگار بوو، پاشان لە نیسانی 2026 پۆستەکە درایە پێکهاتەی تورکمان و محەممەد سەمعان وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 محەممەد سەمعان ئاغا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەی حکوومەتی عێراقدا سوێندی یاسایی خوارد، پۆستی پارێزگار بەتاڵ بوو و رێبوار تەها وەک کاربەڕێکەر کاروبارەکانی بەڕێوە برد. هەرچەندە بڕیار بوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دواخرا.
بەپێی رێککەوتنەکان، پارێزگاری نوێی تورکمان تا کۆتایی ئەمساڵ دەمێنێتەوە و لە کانوونی دووەمی 2027دا پۆستەکە رادەستی پێکهاتەی عەرەب دەکرێت.