ئەنجامی بە دەست ژماردنەوەی دەنگی وێستگەکانی هەولێر ئاشکرا کرا
دەنگەکانی هەولێر هاوتایە لەگەڵ ئەنجامی ئەلیکترۆنی
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگی وێستگەکانی هەولێر و چەند پارێزگایەکی دیکە ئەنجامدەدات، بهگوێرهی زانیارییهكانی كوردستان24 دەنگەکانی هەولێر هاوتایە لەگەڵ ئەنجامی ئەلیکترۆنی.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "هەر 28 وێستگە تانە لێدراوەکەی هەولێر ئەنجامەکانیان هاوتا بوون %100 لەگەڵ ئەنجامی ئەلیکترۆنی".
جەسام موشیر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی دووی پارتی بە کوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و راگەیاندکاران و کاندیدەکان و چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە، ئەو وێستگانەی پارێزگای هەولێر، کە لەلایەن "ھەرێمی کەمال ئاغا"، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی تانە و سکاڵای لەسەر بوو، بە دەست ژمێردرانەوە.
ئاماژهی بهوهش كرد، دەنگەکان وەک خۆی بوون و هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدان لەڕێی ئامێری ئەلیکترۆنی نەبوو. بەم شێوەیە ئەنجامەکان وەک خۆی مانەوە و پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەر 11 کاندیدەکەی توانی سەرکەون.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 31/10/2021، بە دەست ژماردنەوەی دهنگی وێستگەکانی هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، کەربەلا، موسەننا، قادسیە و ئەنبار دەست پێدەکەن، سبەی دووشەممەشی تایبەت کردووە بە هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگی وێستگەکانی پارێزگای زیقار.