لە هەولێر کەسێک لەلایەن برازاکەیەوە بە چەقۆ کوژرا
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە

K24 – هەولێر
لە گەڕەکی هەڤاڵانی شاری هەولێر، هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەب لەلایەن برازاکەیەوە، بە چەقۆ کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "کاتژمێر 2ی شەوی رابردوو لە گەڕەکی هەڤاڵان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە، بەبوونی رووداوێکی کوشتن، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداو دەست بەلێکۆڵینەوە کرا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (ئەحمەد نافع خالید)، تەمەن (35) ساڵ، بەڕەگەز عەرەب، لەلایەن برازاکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکە و گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە".