ههولێر... زیاتر له حهوت ههزار كارتی زهویی كران به سهنهد
"ئەمە بهشێكه لە تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان"

K24- ههولێر:
وهزارهتی دادی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، ئەو هاووڵاتیانەی لەو کەرتانە زەوییان هەیە، دەتوانن دەست بە مامهڵهی وەرگرتنی سەنەدی زەوییەکانیان بکەن.
لەوبارەیەوە دكتۆر لوقمان عومەر بەڕێوبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان رایگهیاند، ماوەیەک بەر لە ئێستا موژدەی گۆڕێنی (3035) سێ هەزار و سیی و پێنج کارتی زەویی بۆ سەنەد، کە قەرەبوویی گوندی کۆریی و بەشێکی جووتیارانی گەڕەکی بەختەوەر لە کەرتی گەزنە راگەیاندرا، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە موژدەی گۆڕینی (7300) حەوت هەزار و سێسەد کارتی زەوی کە لە هەردوو بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی یەکەمی هەولێر و بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی هەولیر، مامهڵهكانیان ئەنجام دراوە وکارتەکانیان گۆڕاوە و کراوە بە سەنەد.
راشیگهیاند، لە ماوەیەکی کورتدا بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی یەکەمی هەولێر توانیویانە (3703) سێ هەزار و حەوتسەد و سێ کارت بگۆڕن بۆ سەنەد لە کەرتی 19ـی عهزه.
روونیكردهوه، بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی هەولێر توانیویانە 3593 کارت له کەرتی 15ـی گردەڕەشە ئەسعەد، تۆماربکەن و بیانکەن بە سەنەد، وێنەی تۆمارانە دەنێردرێن بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، هەر بۆیە ئەو هاووڵاتیانەی کە لەو دوو کەرتە کارتیان هەیە دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێربۆ تۆمارکردنی کارتی زەوییەکانیان بەناوی خۆیانەوە دەست پێ بکەن.
روونیكردهوه، ئەمە بهشێكه لە تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خزمەتکردنی هاووڵاتیانە و هەروەها جێبەجێ کردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه بۆ نەهێشتنی کێشەی تایبەت بە زەوییە کارتەکان.