باڵوێزی سعوودیە لە بەغدا: ئێران باوەڕی بە عەرەبی شیعەش نییە

"تەنها مەبەستییان سووتاندنی عەرەبی عێراقە"

K24 - ھەولێر

باڵوێزی سعوودیە لە بەغدا جارێكی دیكە ئێران بە تێکدانی دۆخی عێڕاق تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، ئێران باوەڕی بە عەرەبی شیعەش نییە.

سامر سەبهان، باڵوێزی سعوودیە لە عێڕاق، جارێکی دیکە ئێران تۆمەتبار دەکات، بە تێکدانی دۆخی عێڕاق و بە ئامانج گرتنی عەرەبی سوننە لە شەڕەکانی فەللوجە.

سەبهان، راشیگەیاند: "دان پێدانانی حەیدەر عەبادی، بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سەلمێنەری قسەکانی پێشوومانە، کە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران تەنها مەبەستییان سووتاندنی عەرەبی عێراقە".

سەبهان گوتیشی: "ئێران باوەڕی بە عەرەبی شیعەش نیە، بەڵام لە ئەجێندای تایبەتەوە کار لەسەر جوڵاندنی هەستییان دەکات".

گوتەکانی پێشووی باڵوێزی سعوودیە لە عێڕاق کاردانەوەی تووندی شیعەکانی لێکەوتەوەو بە کەسێکی نەویستراو لە عێڕاق پێناسە کرا.