باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستانی دەستنیشانکرد، کە یاریزان و راهێنەر و گۆڵپارێزی نەورۆز و هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر بە باشترینی مانگی رابردوو هەڵبژاردران.
دڵشاد مەعروف بە باشترین راهێنەری مانگی ئۆکتۆبەری خولی نایابی کوردستان هەڵبژێردراوە، کە لە کۆی 50 دەنگی راهێنەر و کاپتنی یانەکان و میدیاکاران 30 دەنگی بەدەستهێناوە و بەپێش رزگار عەلی راهێنەری سیروانی نوێ کەوتووە کە 9 دەنگی بردووەتەوە و سەمیر بابۆ راهێنەری پێشمەرگەی هەولێریش 5 دەنگی بەدەستهێناوە.
لەسەر ئاستی یاریزانان، هێمن فەرەج هێرشبەری یانەی نەورۆز بە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولەکە هەڵبژێدراوە، کە مانگی رابردوو لەگەڵ یانەکەی چوار گۆڵی لە سێ یاریی کرد و 20 دەنگی بەدەستهێناوە و بەپێش سۆران عەزیز یاریزانی هەندرێن و فەرهەنگ وریا یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر کەوتووە.
دلێر حاتەم گۆڵپارێزی پێشمەرگەی هەولێر لەسەر ئاستی گۆڵپارێزان بە باشترین گۆڵپارێز دەستنیشانکراوە و زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، ئەو گۆڵپارێزە 21 دەنگی بەدەستهێناوە و بەپێش گەیلان سادق گۆڵپارێزی سۆران کەوتووە و ئەحمەد بەشار گۆڵپاریزی سیروانی نوێش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
لەوەتەی وەرزی رابردووەوە مانگانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان باشترین یاریزان و راهێنەر و گۆڵپارێزی خولەکە بە دەنگی راهێنەر و کاپتنی یانە نایابەکان و ئەو رۆژنامەنووسانەی رووماڵی خولەکە دەکەن، دەستنیشان دەکات، کە ئەم مانگە کاپتن و راهێنەری هەر 16 یانە نایابەکە و 18 رۆژنامەنووس دەنگیان بۆ باشترینەکان داوە.