پێشه‌وا هه‌ورامانی: په‌رله‌مان ده‌توانێت وابكات گه‌نجانمان له كۆمپانیاكان كار بكه‌ن
"سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت رۆڵی خۆی بگێرێت"

K24 - هه‌ولێر:
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مان، به كوردستان 24ـی راگه‌یاند، وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی گه‌نج له په‌رله‌مان قسه‌ی خۆمم كرد، بۆ نموونه پێیانم راگه‌یاند راسپاردنی لیژنه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه پۆڵه‌ندا و بێلارووس دروست نییه، ئه‌ركه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له باره‌ی كۆچكردنی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات گفتوگۆ بكه‌ن.
پێشه‌وا هه‌ورامانی رایگه‌یاند، كۆچی خه‌ڵك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆی ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه به لێشاوه‌وه ده‌بینین، هه‌رێمی كوردستانیش له‌م كۆچه بێبه‌ش نییه، بۆیه كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن له هه‌رێم بره‌وی به دیارده‌ی كۆچدا، وه‌ك نه‌ناردنی به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن عێراقه‌وه، بووه هۆكاری دروستبوونی ئه‌م دۆخه، بۆیه زۆربه‌ی ده‌رچووه‌كانی زانكۆ له ئێستادا دانامه‌زرێن، كه كاریگه‌ریی نه‌ناردنی بوودجه له‌لایه‌ن به‌غدا وایكرد دامه‌زراندن بوه‌ستێت، پێشتر دۆخی هه‌رێم باشتر بوو، كۆچی پێچه‌وانه له ئه‌وروپاوه بۆ كوردستان دروست ببوو.
راشیگه‌یاند، سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌م ده‌توانێت بۆ گۆڕینی ئه‌م دۆخه كاریگه‌ری هه‌بێت، كه دانیشتنه‌كان تایبه‌ت بكات بۆ پرسه هه‌ستیاره‌كان، زۆر بابه‌ت هه‌ن كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێگه‌ی پێ ده‌دات گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه بكرێت، به پێچه‌وانه‌وه بۆ پرسه كاریگه‌ره‌كان بوار ناده‌ن په‌رله‌مانتار قسه‌ی له‌باره‌وه بكات، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت رۆڵی خۆی بگێرێت.
ئاماژه‌یپێكرد، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كان بكات، كه یه‌كده‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی كورد له داهاتوودا جێگیر بكرێن، هه‌روه‌ك ئاگادارین كه له‌م قۆناغه‌دا حكومه‌تی عێراقی پێكده‌هێنرێت، پێگه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان گه‌وره‌یه، هه‌موو عێراقییه‌كان گوێی بۆ راده‌گرن.
جه‌ختیكرده‌وه، به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی ناو په‌رله‌مان بۆ بابه‌تی ناموسته‌هه‌ق، وایكردووه بابه‌ته جدییه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌یه‌وه نه‌كرێت، په‌رله‌مان ده‌توانێت وابكات گه‌نجانمان له كۆمپانیاكانی نه‌وت و بیناسازی و بواری دیكه كار بكه‌ن.