"كۆچكردنی گه‌نجانی كورد بۆ ده‌ره‌وه ده‌ستێكی له‌پشته و به‌رنامه بۆداڕێژراوه"
دیندار زێباری په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ چه‌ند لایه‌نێك درێژ ده‌كات، كه هه‌وڵی له‌كه‌داركردنی شكۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن.. هۆكاره‌كه‌ش ده‌خاته‌ڕوو

K24- هه‌ولێر:
دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هۆكاری كۆچكردنی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، كه له‌لایه‌ن قاچاخچییه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێن و دواتر له سه‌ر سنووره‌كان بێلاڕووس، پۆڵه‌ندا و لیتوانیا تووشی دۆخێكی سه‌ختی مرۆیی ده‌بنه‌وه، گوتی: دیارده‌ی كۆچكردن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیارده‌یه‌كی تازه نییه و له ساڵانی رابردوودا به ملیۆنان هاووڵاتیی عێراقی كۆچی ده‌ره‌وه‌یان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا پلانڕێژی ده‌ستێكی شاراوه‌یه و به‌رنامه بۆداڕێژراوه.
دیندار زێباری تایبه‌ت بۆ كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه، جگه له كۆچكردنی خه‌ڵكی عێراق بۆ ده‌ره‌وه، به هه‌زاران هاووڵاتیی وڵاتانی دراوسێش له ساڵانی رابردوو روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، ئه‌مه وێڕای ئاواره‌ی ناوخۆیی عێراق كه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه بۆ ته‌واوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش هه‌ر راسته.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گوزه‌رێت، بۆ ئه‌و ناكۆكییه سیاسییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتی بێلاڕووس هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه جێگه‌ی بایه‌خه و پێویسته له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی گرنگیی پێ بدرێت، ئه‌وه‌یه كه نابێت خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌و نێوه‌نده‌دا به‌كاربهێندرێت و ببێته قوربانی ئه‌و ناكۆكییه سیاسییانه.
دیندار زێباری ئاشكرایكرد، به هه‌زاران كه‌س به‌قاچاخ كۆده‌كرێنه‌وه و له‌ڕێگه‌ی هێڵی ئاسمانییه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ سنوورێكی دیاریكراو، كه زۆرێك له وڵاتان ئاگاداری ئه‌و راستییه‌ن، بۆیه ئه‌م بابه‌ته به‌سیاسیكردنی پرسی كۆچبه‌رانه له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
سه‌باره‌ت به كێشه سه‌ره‌كییه‌كانیش، كه بوونه‌ته هۆی كۆچكردنی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دیندار زێباری جه‌ختی كرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی پێشكه‌وتنه‌وه له هه‌موو رووێكه‌وه هه‌نگاوی باشی ناوه، به هه‌زاران كه‌س له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌مه‌به‌ستی كاركردن روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و تا ئێستا چه‌ندین راپۆرتی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی دیكه‌وه له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كراون، كه ئه‌نجامه‌كانیان له‌سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پۆزه‌تیڤانه بوونه.
دیندار زێباری دووپاتیكرده‌وه، به بڕوای من هۆكاری كۆچكردنی گه‌نجان زیاتر ده‌ستێكی نه‌رێنی له‌پشته‌وه‌یه، به‌دیاریكراویش ده‌توانم بڵێم: "په‌كه‌كه و میدیاكانی سه‌ر به په‌كه‌كه و ئه‌وانه‌ی هاوسۆزن له‌گه‌ڵی، رۆڵێكی زۆر نه‌رێنی له‌وباره‌یه‌وه ده‌گێڕن"، كه به‌رده‌وام كار بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگ و شكۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كراوه.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كان، ماوه‌یه‌كه ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی هاوسۆز له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، كار بۆ له‌قكردنی شكۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كه به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه، زیاتر له 400 گوند له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چۆڵكراون، كه پێده‌چێت به‌شێكی زۆر ئه‌و گه‌نجانه‌ی وڵات جێ ده‌هێڵن، هی ئه‌و ناوچانه بن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له به‌رده‌وامی نائارامی ناوچه‌كانیان، ناتوانن گونده‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ی كۆچكردنی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستانه بۆ ده‌ره‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، هۆكارێكی دیكه‌ی كۆچكردنی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه نزیكه‌ی 700 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێم بوونه و تا ئێستا نه‌یانتوانیوه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان، هه‌مووشمان ده‌زانین، كه تا ئێستا هه‌زاران كه‌س له پێكهاته‌ی ئێزیدی و پێكهاته‌كانی دیكه كۆچی ده‌ره‌وه‌یان كردووه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 7 ساڵه، تا ئێستا حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه دۆخێكی ئارام و سه‌قامگیر له ناوچه‌كانیان بچه‌سپێنێت، بۆیه ئه‌مه شتێكی تازه نییه و پێشتریش كۆچكردن هه‌ر هه‌بووه.
گوتیشی: خه‌ڵكی ئێمه بووه‌ته قوربانی ده‌ستی "به‌ناو ئۆپۆزسیۆن" و ده‌بینین له سۆشیال میدیاش چۆن خه‌ڵك له دژی وڵاته‌كه‌ی هان ده‌درێت و یاری به هه‌ست، سۆز و ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
H.B