راوێژكارێكی یاسایی: پێدانی مافی نیشته‌جێبوون له ئه‌ڵمانیا به كۆچبه‌ران زۆر سه‌خت بووه
"پێویسته كه‌سی كۆچبه‌ر به به‌ڵگه پشتڕاستی بكاته‌وه كه له مردنێكی حه‌تمی رایكردووه، ئینجا رێگه‌ی مانه‌وه‌ی پێ ده‌درێت"

K24- هه‌ولێر:
راوێژكارێكی یاسایی له وڵاتی ئه‌ڵمانیا تایبه‌ت بۆ كوردستان24 له‌باره‌ی پێدانی مافی نیشته‌جێبوون و مانه‌وه به‌و كۆچبه‌رانه‌ی به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌و وڵاته كۆچ ده‌كه‌ن، رایگه‌یاند، وڵاتی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و تێیدا ئه‌و مه‌رجانه جێگیركراون، كه رێگه به پێدانی مافی نیشته‌جێبوون به په‌نابه‌ران ده‌دات.
مسته‌فا حه‌سه‌ن، پارێزه‌ر و راوێژكاری یاسایی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 گوتی: ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی به هه‌ر هۆكارێك وڵاته‌كانیان جێده‌هێڵن و روو له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌یان تێدا بێت كه له ده‌ستووری ئه‌ڵمانیادا جێگیر كراون، ئه‌وا مافی په‌نابه‌رێتییان پێ ده‌درێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1994 چه‌ند هه‌موارێك له یاسای په‌نابه‌راندا كرا، مه‌رج نییه هه‌ر كه‌سێك به هۆكارێكی سیاسی له وڵاته‌كه‌ی رابكات، له ئه‌ڵمانیا مافی نیشته‌جێبوونی پێ بدرێت و داڵده‌بدرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: هۆكارێكی دیكه‌ی پێدانی مافی نیشته‌جێبوون، شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان و ناسه‌قامگیری دۆخی ئه‌منییه، كه له‌و وڵاتانه هه‌یه، كه تاكه‌كانی كۆچ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی ساڵی 1953ی جنێڤ. هه‌وره‌ها له ساڵی 2015 جارێكی دیكه یاسای كۆچبه‌ران له ئه‌ڵمانیا هه‌مواركرایه‌وه، كه ئه‌و هه‌مواره تایبه‌ت بۆ خه‌ڵكی سووریا كرا و بڕگه‌یه‌كی بۆ زیادكرا به ناوی "پاراستنی لاوه‌كی"، واتا ته‌نها له‌ناو سنووری ئه‌ڵمانیا پارێزگاریان لێ ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی ساڵێك مافی نیشته‌جێبوونیان پێ ده‌درێت و قابیلی نوێكردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و دۆخه‌ی له وڵاته‌كه‌یان بووه‌ته هۆی راكردنی ئه‌و كۆچبه‌رانه هێشتا هه‌ر به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ده‌توانن بۆ ماوه‌ی ساڵێكی دیكه نیشته‌جێبوونه‌كه‌یان تازه بكه‌نه‌وه.
سه‌باره‌ت به پێدانی مافی نیشته‌جێبوون به خه‌ڵكی عێراق، به كورد و عه‌ره‌به‌وه، ئه‌و پارێزه‌ره گوتی: كه‌سی كۆچبه‌ر هاووڵاتیی هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق بێت به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، بۆ هه‌موویان هه‌مان وه‌ڵام هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه "عێراق وڵاتێكی ئارامه"، واتا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پێدانی مافی نیشته‌جێبوون پێیان نادرێت.
ئه‌و راوێژكاره یاساییه كه خۆی له یه‌كێك له دادگاكانی ئه‌ڵمانیان كار ده‌كات، ئاشكرایكرد، ده‌یان كه‌یسی له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌یه، كه به‌شێكیان هی خه‌ڵكی رومادی و ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقن و به‌شێكیان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا رایانكردووه، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له وه‌ڵامدانه‌وه‌یاندا بۆی نووسیون: "هه‌رێمی كوردستان ئارامه و ده‌توانن له بری شاره‌كانتان بچن له‌وێ نیشته‌جێ بن".
هه‌روه‌ها گوتی: بۆ خه‌ڵكی عێراق كاتێك مافی نیشته‌جێبوونیان پێ ده‌درێت، كه به به‌ڵگه‌وه بسه‌لمێنێت، كه له مردنێكی راسته‌قینه و حه‌تمی رایانكردووه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و لێشاوه‌ی كۆچبه‌ری كه ئێستا سه‌ریهه‌ڵداوه، چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی پێویستیی به ئیراده‌یه‌كی سیاسیی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌یه، ئه‌گینا به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی دبلن، كه له ساڵی 2013 بۆ یه‌كه‌مجار جێبه‌جێ كرا، كاتێك كۆچبه‌ران به‌سه‌ر وڵاتانی دیكه‌دا تێده‌په‌ڕن و سنووری وڵاتی سێیه‌م ده‌بڕن، پێویسته داوای مافی مانه‌وه له‌و وڵاته بكه‌ن، كه بۆ یه‌كه‌مجار پێی ده‌گه‌ن، بۆیه له‌ڕووی یاساییه‌وه له ئه‌ڵمانیا مافی په‌نابه‌رێتییان پێ نادرێت، چونكه زۆر كه‌سی كورد كه‌یسه‌كانیان له‌لامه، كه پێشتر له ئۆكراینا بوونه یان له وڵاتێكی دیكه خۆیان راده‌ستكردووه و هاتوونه‌ته ئه‌ڵمانیا، لێره له ئامێری كۆمپیوته‌ر په‌نجه‌مۆره‌كانیان ده‌رده‌چن، بۆیه ده‌یانگێڕنه‌وه بۆ ئه‌و وڵاته‌ی لێیه‌وه هاتوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وه‌ی كه ئه‌و له میدیاكانی ئه‌ڵمانیا و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه حكومییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته گوێی لێ ده‌بێت، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی ساڵی 2015 كه بۆ په‌نابه‌رانی سووری كردییان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌ی نییه و هیچ كۆچبه‌رێك وه‌رناگرن، چونكه ئه‌و كات كه كریست دیموكراته‌كان له‌ده‌سه‌ڵات بوون، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دۆڕانیان له هه‌ڵبژارن، كردنه‌وه‌ی سنووره‌كان بوو به‌ڕووی كۆچبه‌رانی سووریدا.
گوتیشی: دۆخی ئه‌ڵمانیا به‌و شێوه‌یه نییه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته باس ده‌كرێت، گوایا هیچ كێشه‌یه‌ك له ئه‌ڵمانیان نییه، رۆژانه ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست ده‌یان قه‌یرانی جیاواز و گرانبوونی نرخی كاڵاكانه‌وه ده‌ناڵێنێت.
H.B