لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دانەگازی ئیماراتی چووەتە قۆناغی قازانج

دانەگاز: حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم شایستە داراییەکانی داوەتەوە

كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی غاز
كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی غاز

K24 - هه‌ولێر:

كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی رایگەیاند، لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی قازانج، بە جۆرێک قازانجیان لە سێ مانگی سێیەمی ئەمساڵ 140 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە، بەراورد بە 354 ملیۆن دۆلار زیانکردن لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای كرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی قازانجەکانیان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و باشبوونی ئاستی کارەکانیان و هەروەها زیادبوونی داهاتەکانیان دەگەڕێتەوە.

کۆمپانیاکە روونیکردووە، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵ وەرگرتنەوەی شایستەکانیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە رێژەی سەدا 86 زیادیکردووە، بەجۆرێک وەرگرتنی شایستەکانیان لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی سەدا 78 زیادیکردووە و لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 150 ملیۆن دۆلار.

لەو بارەیەوە د. پاتریک ئالمان سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز ئاشکرای کرد، دڵخۆشن بەوەی سەرجەم شایستەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2019 و 2020 پێ دراوەتەوە و ئێستا هیچ شایستەیەکیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە، هەروەها ئاستی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و میسر بەرزبووەتەوە .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌، وەرگرتنی شایستەکانیان لە میسر بە رێژەی سەدا 96 بۆ 133 ملیۆن دۆلار لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەرزبووەتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment