باوك و کچێك له بێلاڕووس ون دەبن
ھاوسەری گۆڤەند عومه‌ر عه‌لی ده‌ڵێت: هاوسه‌ره‌كه‌م و كچه 3 ساڵییه‌كه‌م له ئێمه دابڕاون و دیارنه‌ماون

K24 - هه‌ولێر:
شەوی رابردوو لە نزیک مینسکی پایتەختی بێلاڕووس، دوو ھاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان بەناوەکانی "گۆڤەند عومه‌ر عه‌لی" (32) ساڵ و کچەكه‌ی (3) ساڵییه‌كه‌ی بە ناوی "شێوە"، لە خێزانەکەیان دادەبڕێن و تا ئێستا ھیچ زانیاریەك لەبارەیانەوە نازانرێت.
بەپێی گوتەی ھاوسەری گۆڤەند، رۆژی (8ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) گەیشتوونەتە بێلاڕووس، بەڵام شەوی رابردوو لەکاتی نزیکبوونەوەیان لەچەند رووناکییەك، گۆڤەند بە ھاوسەرەکەی گوتووە، ئەوان بڕۆن و دواتر خۆی و کچەکەی پێاندەگاتەوە.
ھاوسەری گۆڤەند ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لەو دابڕانەوە تا ئێستا ھیچ زانیارییەکی لەبارەی ھاوسەر و کچەکەی نییە و نازانرێت ئاخۆ چی‌یان بەسەر ھاتووە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە ھانایەوە بچن و ھاوسەر و کچەکەی بدۆزنەوە.
گۆڤەند عومه‌ر عه‌لی، خەڵکی شاری سلێمانیە و ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکە لەگەڵ چوار کەس لە خێزانەکەی وەک کۆچبەر روویان له بێلاڕووس كردووه، بەڵام لە دوێنێ شەوەوە خۆی و کچە سێ ساڵانەکەی لە خێزانەکەی دابڕاون و تا ئێستا نادیارن.