سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی: سەدان قالب زێڕی لاهوور لە ژێرەزەمینی لالەزار دەستی بەسەردا گیراوە
نازانرێت ئەو زێڕە دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت یان نا

K24 - هەولێر:
سەرچاوەیەك لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كردووە، سەدان قالبی زێڕ لە ژێرزەمینی هوتیڵ لالەزار، كە مۆڵگەی لاهور و دەستوپێوەندەكانی بووە، دەستی بەسەردا گیراوە.
پێشتر باس لە بوونی ئەو بڕە زێڕە دەكرا، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستا ئەو بڕە زێڕە لەلایەن هێزێكی سەر بە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەرداگیراوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، سەدان قاڵبی زێڕ لە ژێرزەمینی هوتێلەكە بووە و بۆ باس نیوز گوتوویەتی: "ئەو بڕە زێڕە مەزەندە دەكرێت سەدان قالب بێت، لاهوور و براكانی بە نیازبوونە بیبەنە دەرەوەی وڵات، بەڵام هێزەكانی سەر بە بافڵ، توانیویانە زێڕەكە لە ژێر چنگی لاهوور و براكانی دەربهێنن".
هێشتا میدیاكانی نزیك بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەیان بە چارەنووسی ئەو زێڕە نەكردووە و دیار نییە ئەو زێڕە دەگەڕێننەوە گەنجینەی حكومەت یان دەبێتە موڵكی یەكێتی، یان دەدرێتە خەڵكی دیكە.
هاوكات ئەو ژمارە پەیجە كەمەی ئێستا لەبەردەستی لاهوور ماون و ناوە ناوە گوتەكانی بڵاودەكەنەوە، بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو رووداوەیان نەكردووە و هەوڵی پەردەپۆشكردنی دەدەن.
سەرچاوەكە ئەوەشی روونكردەوە، ئەگەر پەیجەكانی نزیك لە لاهوور باسی ئەو زێڕە بكەن ئەوا ئاشكرا دەبێت كە ئەو زێڕە دزراوە و دەبێتە مەلەفێكی دیكە و دەكەوێتە ئەستۆی لاهوور و براكانی.
پێشتر لاهوور جهنگی بورهان و براكانی، به قاچاخچێتیی زێڕ له نێوان ههرێمی كوردستان و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ناویان دهركردبوو، ئەمەش وێڕای كاری قاچاخچێتی له سنوورهكان و دهستگرتن بهسهر كاری بازرگانیی سلێمانی و مۆنۆپۆڵكردنی سهرچاوهكانی داهات لهو شاره.