راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: سێ تیرۆریست لە پردێ کوژران
راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و گورزێکی ئاسمانیی وردی فڕۆکەوانیی سوپادا لە شارەدێی پردێ، سێ تیرۆریست کوژران و یەکی دیکەشیان دەستگیر کرا.
راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و گورزێکی ئاسمانیی وردی فڕۆکەوانیی سوپادا لە شارەدێی پردێ، سێ تیرۆریست کوژراون و یەکێکی دیکەش دەستگیر کرا.
راگەیاندنی ئەمنی جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان و پشکنینی ورد لە ناوچەکەدا و لە داهاتوودا وردەکاریی زیاتر دەخەنەڕوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، هێزێکی سوپای عێراق بە زیاتر لە 10 هەمەری سەربازییەوە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری داعش بەرەو پردێ بەڕێکەوتن؛ هەروەها لە گوندی قەرەبەگی سنووری پردێ چەکدارە داعشەکان بە فڕۆکە بۆردومان کران، لە ئەنجامدا سێ کەسیان لێ کوژران و یەکی دیکەشیان دەستگیر کرا.