"عێراق پێویستی بە هاوکاری دەرەکییە"
فاو: 44 وڵات پێویستیان بە هاوکاریە

K24 - هەولێر
رێکخراوی خۆراکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، 44 وڵات پێویستیان بە هاوکاری دەرەکی هەیە، کە عێراق یەکێکە لە وڵاتەکان.
روونیشی کردووەتەوە، بەردەوامی ناکۆکییەکان و وشکەساڵی هەڕەشەیان کردووەتە سەر ئاسایشی خۆراک.
رێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەشداوە، پێوەری نرخەکانی خۆراک بۆ چوارەمین مانگ لەسەر یەک لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دانەوێڵە و سپیاییەکان هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خۆراکن.
فاو ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چەندین ناوچەی جیهان بە تایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەفریقا، ناکۆکییەکان و وشکەساڵی هەڕەشەیان لەسەر ئاسایشی خۆراک کردووە، کە بەهۆیەوە 44 وڵات لە جیهان پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە، لەو ژمارەیەش 33 وڵات لە ئەفریقان و 9 وڵات لە ئاسیا و 2 وڵاتی دیکەش لە ئەمەریکای باشوور.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو وڵاتانەی ئاسیا کە پێویستیان بە هاوکاری خۆراک هەیە بریتین لە، عێراق، ئەفغانستان، پاکستان، بەنگلادیش، یەمەن، سووریا، لوبنان، میانمار و کۆریای باکوور.