وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: به‌هۆی دزه‌پێكردنی پرسیاره‌كان ژماره‌یه‌ك مامۆستا ده‌ستگیركران

به‌هۆی دزه‌پێكردنی پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی به‌هۆی دزه‌پێكردنی پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ راگه‌یاند.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وێڕای نیگه‌رانی خۆی له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن ده‌ربڕیوه‌، هاوكات سوپاسی ده‌زگا ئه‌منی و دادوه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات، بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست و رێكاری یاسایی له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و كه‌یسه‌ تێوه‌گلاون.

ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگۆی دزه‌پێكردنی پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی دوانزده‌ی ئاماده‌یی له‌ كوردستان بڵاوبووه‌ته‌وه‌و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش به‌ به‌رده‌وامی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

 

جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان

کەسوکارى بەڕێزى قوتابیان و خوێندکاران

قوتابیان و خوێندکارانى خۆشەویست

پڕۆسەى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان پەیوەندى بە ئێستا و ئایندەى گەل و هەموو تاکێکى کوردستانەوە هەیە، بۆیە لە کاتى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی، کوردستانیان بۆ هیواوە لە چاوەڕوانی ئەنجامى هەوڵ و ماندووبوونى نەوەکانى ئەم گەلە دەڕوانن کە بە دۆخێکى دەروونى دژواردا تێدەپەڕن. بێگوومان لە هەموو وڵاتێکى دونیا، پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بەدەر نین لە لایەن و کەسانى بەرژەوەندیخواز بۆ ئەنجامدانى کارى نایاسایی و تێکدەرانە. بە داخەوە لە کاتى تاقیکردنەوە گشتییەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی هەرێمدا، چەندین کەنأڵى تەلەفزیۆنى و تۆڕى کۆمەڵایەتى ناڕەوا و دوور لە هەر بەرپرسیاریەتییەکى ئەخلاقى و نیشتمانى و ئایینى و یاسایی کەوتنە دەنگۆبڵاوکردنەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە و کاریگەرییەکى خراپ و نەرێنییان لە سەر دەروونى قووتابی و خوێندکار و کەسوکارەکانیان دروست کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو لە گرنگى بابەتەکە تێگەیشتبوونایە و دروست مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆسەکەدا کردبا.

ئێمە وەک وەزارەتى پەروەردە شەش مانگە هەر لە لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوەکانەوە تا دەگاتە لیژنەى پارێزگاکان کار لەسەر ئەم پرسە دەکەین و زیاتر لە پەنجا ڕێنماییمان دەرکردووە و سەرجەم پێداویستییە هونەرى و تەکنیکى و لۆجیستییەکانى هۆڵەکانمان دابین کردووە و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم پارێزگارە بەڕێزەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرانى دەزگا ئەمنییەکان و کارەبا و وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن و کۆمپانیاکانى ئەنتەرنێت ئەنجام داوە، کە ئەمە لە مێژووى هەرێمى کوردستاندا کەموێنەیە.

ئەمساڵ کە (٢٦٣٩٥٤) قوتابی و خوێندکارى پۆلەکانى (نۆیەمى بنەڕەتى و دوانزەى ئامادەیی و پیشەییەکان)، بە چاودێرى (٥٤٣٠١) چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى ماندوونەناس لە (٤٢٧٠) هۆڵ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، بێشک پێشبینى گرفت و کێشە لە چەند هۆڵ و سەرپێچى یاسایی لە لایەن چەند کەسێکەوە دەکرێت، لە کاتێدا ئێمە ساڵانە بە فەرمى داوا لە خەڵک دەکەین هاوکارى وەزارەت بن لە دەستنیشاکردنى کەموکورتى و سەرپێچییەکان، بەڵام ناشکرێت کوێرکوێرانە و بە بووغزەوە کار لەسەر خراپکردنى سەرتاپاى پڕۆسەکە بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

 

بەڕێزان..

بە سوپاسەوە دەزگاکانى دادوەرى و ئەمنى لە بەدواداچوونى هەر پڕوپاگندە و زانیارییەک هاوکارن و ئەگەر هەر دەنگۆ و بەڵگەیەک نەسەلمێندرێت، ڕێکار و سزاى یاسایی دەگیردرێتە بەر و سەرپێچیکاران و ئەوانەى دەستیان لە بڵاوکردنەوە و دروستکردنى پڕوپاگندە هەبێت، دەدرێنە داگا. لەم چوارچێوەیە و لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، وەزارەتى پەروەردە بە هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوەکانى درێژە پێ دەدات و دواجار چاوەڕوانى یاسا دەبین کە بڕیارى خۆى بدات:

 

1. گیرانى دوو بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە سنوورى گەرمیان (کفرى).

2. گیرانى بەڕێوەبەرێک و یاریدەدەرەکەى و (9) کەسى تر لە سنوورى ڕانیە و ئێستاش لە ئاسایشى ڕانیە دەستبەسەرن.

3. گیرانى بەڕێوەبەرێکى هۆڵ و دوو چاودێر لە سەنتەرى شارى هەولێر، بە هۆى ئەوەى سەعات (9:00) بە مۆبایل وێنەى پرسیارى تاقیکردنەوەکانیان گرتووە بۆ ئەوەى بیاننێرنە دەرەوە، لە کاتێکدا بە پێى ڕێنمایی نابێت مۆبایل بچێتە هۆڵەکانەوە.

4. گیرانى (15) کەس لەوانەى پڕوپاگندەیان کردووە بۆ دەستکەوتن و فرۆشتنى پرسیارى تاقیکردنەوەکان و بازرگانیکردن بەم ناوەوە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر.

5. لادانى (16) بەڕێوەبەرى هۆڵ لە ئەرکەکانیان و دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونى نوێنەرى داواکارى گشتى لە پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و ڕاپەڕین و لادانى (5) بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە هەولێر.

6. دەستگیرکردنى ژمارەیەک کەرەستە و ئامرازى وەک بلوتوس و مۆبایل و ئامێرى دیکەى گزیکردن کە بەم هۆیەشەوە زیاتر لە (25) قوتابی و خوێندکار دەردەکرێن و لە سەرجەم تاقیکردنەوەکانیش بێبەش دەکرێن و بەدواداچوونى یاسایی بۆ ئەو کەسانەش دەکرێت کە بازرگانییان بەم ئامێرانەوە کردووە و سزاى توند دەدرێن.

7. چەند پەیجێکى کۆمەڵایەتى، زۆر نابەرپرسانە پڕوپاگندەى فرۆشتن و ئاشکرابوونى پرسیارەکانیان بڵاو کردەوە، بۆیە وەزارەتى پەروەردە داواى یاسایی لەسەر تۆمار کردوون و دڵنیاین چ ئەوانەى لە هەرێمن و چ ئەوانەیش کە لە دەرەوەى هەرێمن، لە ڕێگەى یاساوە بەدواداچوونى تەواویان بۆ دەکرێت و بە تێوەگلانیان سزاى قورس دەدرێن و هەر کەسێکیش لەمەولا و بە هەر مەبەستێک بچێتە ئەم چوارچێوەیەوە وەزارەت بە پێى یاسا داواى یاسایی لەسەر تۆمار دەکات.

8. کەناڵى (NRT) کە بە بەرنامەى (ڕاى تۆ) لە ڕێکەوتى (5/6/2016)ى زایینى زۆر نابەرپرسانە دەرگاى بە ڕووى کۆمەڵێک کەسى خوار تەمەن (18) ساڵ کردەوە بۆ فڕێدانى هەموو جۆرە تۆمەتێک و دروستکردنى حاڵەتێکى نەخوازراوى دەروونى و نەرێنى لەسەر قوتابی و خوێندکاران و کەسوکارەکانیان، لە لایەن داواکارى گشتى سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت و هەر کەسێکیش لە بەرنامەکەدا قسەى کردبێت و نەتوانێت قسەکانى خۆى بە بەڵگە بسەلمێنێت، ڕێکارى یاسایی لەبەر دەگیردرێتە بەر، چونکە دیاردەى دزی پێویستى بە بەدواداچوونى لایەنى پەیوەندیدارى دیکە جگە لە وەزارەتى پەروەردە هەیە.

لە کۆتاییدا قوتابیان و خوێندکارانى خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتى پەروەردە بە هەموو توانایەوە، هەوڵى فەراهەمکردنى فەزایەکى گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکان دەڕەخسێنێت و داوایان لێ دەکات کە مێشکى خۆیان بە هیچ پڕوپاگندەیەکەوە سەرقاڵ نەکەن، چونکە بوونى چەند حاڵەتێکى نایاسایی لە یەک دوو هۆڵێک ناکاتە ئەوەى پڕۆسەکە عەیبدار و نادادپەروەرانە بێت. ئێمە بۆ دەستکەوتنى هەر زانیاری و بۆ پاراستنى ئەمنیەتى پڕۆسەکە و نەهێشتنى شڵەژانى دەروونى قوتابیان و خوێندکاران، باز بەسەر هیچ کەسێکدا نادەین و سوپاسى هەموو کەسێکى دڵسۆزیش دەکەین کە بە بەڵگە و زانیارى دروستەوە هاوکارمان بێت لە سەرخستنى پڕۆسەکە و گەیشتنە ئەنجامى کۆتایی.

لەگەڵ ڕێزدا

وەزارەتى پەروەردە

8/6/2016ی زایینى