توركيا هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا ئاسایی بكاته‌وه
چاویش ئۆغلۆ: له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجانیش ده‌كه‌ین

K24- هه‌ولێر:
مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه توركیا و ئه‌رمینیا نوێنه‌ری تایبه‌تیان بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات دیاری ده‌كه‌ن.
چاویش ئۆغلۆ له میانه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، كه تایبه‌ت بوو به تاوتوێكردنی بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، گوتی: "له نزیكترین كاتدا له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا دوو نووێنه‌ری تایبه‌ت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان دیاری ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ك گوتیشی: له‌و چوارچێوه‌یه‌دا توركیا ده‌یه‌وێت ده‌ست به گه‌شته ئاسمانییه‌كانی بۆ یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیا بكات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا روونیشیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجانیش ده‌كات، كه له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانه‌وه تا ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا له‌سه‌ر هه‌رێمی قه‌ره‌باخ كه‌وتووه‌ته ململانێیه‌كی به‌رده‌وام و به یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا داده‌نرێت.
له ساڵی 2009 توركیا و ئه‌رمینیا رێككه‌وتنی ئاشتییان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه و كردنه‌وه‌ی سنووره‌كانیان به‌ڕووی یه‌كتردا واژۆكرد، كه ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك بوو به‌هۆی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه به داخراوی مابوونه‌وه و یه‌ریڤان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی جیهان ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی ئه‌رمه‌نییه‌كان له سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی به جینۆساید ده‌ناسێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكییه مێژووییه‌كه ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌چووه بواری جێبه‌جێكردن.
هه‌روه‌ك به‌هۆی پاڵپشتییه سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی توركیا بۆ ئازه‌ربایجان له ململانێكانی نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر هه‌رێمی قه‌ره‌باخ، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه گرژی خستووه‌ته نێوان یه‌ریڤان و ئه‌نقه‌ره.
H.B