فوئاد مه‌عسووم داوای لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دەکات

تا ئێستاش چوار پاسه‌وانه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ شوێنبزرن

K24 - هه‌ولێر:

فوئاد مەعسوم، سەرۆك کۆماری عێراق داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی پۆلیس و حەشدی شەعبی بەرامبەر بە خەڵکی فەللووجە.

مەعسوم وتی: "پێویستە بەهەموو شێوەیەك هاوکاری و کۆمەك پێشکەش بە ئاوارەکانی فەللووجە بکرێت و هیچ هەنگاوێك لە دەرەوەی یاسا بەرامبەریان نەنرێت".

ئەم وتانەی سەرۆك کۆمار لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان و سوهەیب راوی پارێزگاری ئەنباڕدا هات.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، مارك تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، حکوومەتی عێراق پەیمانی داوە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بکات کە لە دەوروبەری فەللوجە لە دژی دانیشتوانی فەللووجە ئەنجامدەدرێن.
هه‌روه‌ها زیاد حوسێن، بەرپرسی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەشکەنجەدانی خەڵکانی سڤیل دەکەن لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە، جێگەی نیگەرانین و پێویستە حکوومەتی عێراقی بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو راپۆرتانە بکات.
 بەرپرسی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "ئەوان راپۆرتیان بەدەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن، کاتێک دانیشتوانی فەللوجە لە دەست داعش و ناھەمەتی ژێر دەستی ئەو گرووپە توندڕەوە ھەڵدێن، بەھەمان شێوە رووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە لە لایەن میلیشیاکانەوە".
زیاد حوسێن گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی بەغدا ئەوە پیشانی جیھان بدات کە بەرگریکاری گیانی خەڵکی سڤیلە نەك ئازاردانیان و ئەشکەنجەدانیان".

لە لایەکی دیکەوە، شێخەکانی هۆزی محامید لە راگەیەندراوێکدا گوتیان: حکوومەتی عێراق بەشدارە لە ئەنجامدانی تاوانەکان لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل لە سەقڵاوییە و فەللوجە و داوا دەکەن، ئەو تاوانانە بدرێنە دادگا نێودەوڵەتییەکان.

 

Fly Erbil Advertisment