هێمن هه‌ورامی: پێویسته‌ هیچ لایەک کارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنێت

پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خزم و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین

هۆشداری له‌ خراپ به‌كارهێنانی دۆسییه‌ی كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كان ده‌درێت
هۆشداری له‌ خراپ به‌كارهێنانی دۆسییه‌ی كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كان ده‌درێت

K24 – هه‌ولێر:

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، لەم کات و ساتانەی کە بەهۆی رووداوی سروشتییەوە زیانی گیانی و ماددی بە هاووڵاتیانمان دەگات، دەبێت هەموو لایەکمان بەرپرسانە لە هەوڵی ڕەواندنەوەی خەمی کەسوکاری قوربانیان بین و هیچ لایەک کارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

زۆر بە داخەوە بە هۆی گۆڕانی کەش و هەوای جیهانی و شێوە و بڕ و کاتی باران بارین، لە ئەنجامی بارانی بەلێزمەو هەورە بروسکە لە سنوری پارێزگای هەولێر و دروستبوونی لافاو، وێڕای زیانە ماددیەکان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئازیزی سنوری پاریزگای هەولێر بوونە قوربانی.

پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خزم و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و هاوبەشی خەمیانین. لەم کات و ساتانەی کە بەهۆی رووداوی سروشتییەوە زیانی گیانی و ماددی بە هاووڵاتیانمان دەگات، دەبێت هەموو لایەکمان بەرپرسانە لە هەوڵی ڕەواندنەوەی خەمی کەسوکاری قوربانیان بین و هیچ لایەک کارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنێت و پێکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی مەیدانی بکرێ و هەنگاوی خیرا بگیرێتە بەر بۆ بەدەمەوە چوونی هاولاتیان و هاوکاری کرداری و خاوێنکردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکان، و بەپێی توانا هاوکاری و قەرەبووی زیانمەندان بکرێتەوە.

هاوکات لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست و ئامادەکاری زیاتر بۆ رووبەرووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان بگیرێتەبەر . خوای گەورە کوردستان و هاووڵاتیانمان پارێزراو بکات.

د. هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

17/12/2021