گرووپێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا راگەیاند
هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی دیکە دەکەن

K24 - هەولێر
گرووپێکی نوێی چەکداری شیعە بەرپرسیاریەتی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدای لە ئەستۆگرت.
لە بەیاننامەیەکدا گرووپێکی نوێی چەکداری شیعە، بەناوی (لیوای فاتح خەیبەر) بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ، کە دوێنێ لە رێگەی دوو مووشەکەوە کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا. لە
بەیاننامەکەدا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی دیکەش کراوە، بەتایبەت کە خەریکە مۆڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا تەواو دەبێت.
هاوکات یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، ئەو مووشەکانە لە نزیک شەقامى فەڵەستینەوە ئاڕاستەى ناوچەى سەوز کراون.
دوێنێ یەکشەممە 19/12/2021، دوو مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران، یەکێک لە مووشەکەکان بە دووری پێنج سەد مەتر لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەر زەوی کەوت و زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیاند. ئەوەی دیکەشیان لە لایەن سیستمی بەرگری هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاسمانەوە تەقێندرایەوە.