سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکات
سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن
K24 – هەولێر:
سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی یەکەم/دیسێمبەری 2021 لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆکایەتی نووری مالکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کران.
ھەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر پێویستی پێداچوونەوە بە حوکمڕانیی عێراق و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لە بارەی تەحەدیاتی بەردەم ئایندەی عێراق و بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر و کێشەی ژینگە و کەمئاوی و داواکاریی ھاوڵاتیان ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکتر نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئیستحقاقی پێکھاتەکان کرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەددیاتی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.