ئینیێستا بیری دوو یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا ده‌كات

یاریزانانی بارسێلۆنا و ریال مه‌دریدن

ئه‌ندرێس ئینیێستا، ناوه‌ڕاستكاری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئیسپانیا، به‌ر له‌ ده‌ستپێكی یارییه‌كانی یۆرۆی 2016ـی فره‌نسا، له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌روووپا بڵاوبۆته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی (چاڤی هێرناندێز و چاڤی ئالۆنسۆ) هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كات و ده‌ڵێت: زۆر بیری ئه‌م دوو یاریزانه‌ ده‌كه‌م.

ئینیێستا ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ چاڤی ئالۆنسۆ له‌ نێو یاریگه‌ زۆر باش له‌ یه‌كتر ده‌گه‌یشتین، نزیكه‌ی 25 ساڵیش من و چاڤی هێرناندێز به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ئه‌كادیمیای (لا ماسیا) یارییمان كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا هه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كه‌م و زۆریش بیری ئه‌م دوو یاریزانه‌ ده‌كه‌م.

ئینیێستا، چاڤی و ئالۆنسۆ، پێشتر ئه‌م 3 یاریزانه‌ وه‌ك ناوه‌ڕاستكاری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بیره‌وه‌ری خۆشیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بوو، نازناوی یۆرۆی 2008، مۆندیالی 2010 و یۆرۆی 2012 یان بۆ ماتادۆره‌كان برده‌وه، به‌ڵام له‌ دوای شكسته‌كه‌ی ئیسپانیا له‌ مۆندیالی 2014ـی برازیل، چاڤی و ئالۆنسۆ بڕیاری وازهێنان له‌ یاریی نێوده‌وڵه‌تی دا و ئینیێستاش هێشتا له‌ یاریكردن به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام له‌ دوای نه‌مانی ئه‌م دوو یاریزانه‌ پێیوایه‌ كۆمه‌ك و یارمه‌تی باش نادرێت.