سه‌رۆك بارزانى برووسكه‌يه‌ك ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌بو له‌يلا ده‌كات

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەبو لەیلا كرد و ناوبراوى به‌ رۆڵەیەكی قارەمان و بوێری كۆبانێ وەسف كرد.

K24 – هه‌ولێر:

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەبو لەیلا كرد و ناوبراوى به‌ رۆڵەیەكی قارەمان و بوێری كۆبانێ وەسف كرد.

رۆژی پێنجشەممە 9ـی 6ـی 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یوسف ئەبولعەزیز برای شەهید فەیسەڵ سەعدۆ ناسراو بە ئەبو لەیلا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە خانەوادە و كەسوكاری شەهید ئەبولەیلا گەیاند كە لە شەڕی ئازادكردنی شاری منبج لە دەستی تیرۆریستان شەهید بوو.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی شەهید ئەبو لەیلای بە رۆڵەیەكی قارەمان و بوێری كۆبانێ وەسف كرد كە گیانی پاكی خۆی لە ڕێگەی بەرگری لە نیشتیمان و ئازادی گەلی كوردستان بەخت كردووە.

ئه‌بو له‌يلا يه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازييه‌كانى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانى سوورياى ديموكراتى بوو، رۆژى 3ى حوزه‌يران له‌ ئۆپراسيۆنى رزگاركردنى منبج بريندار بوو و دواى گواستنه‌وه‌ى بۆ نه‌خۆشخانه‌ى سلێمانى، له‌ 5ى ئه‌م مانگه‌دا له‌ سلێمانى شه‌هيد بوو.

هه‌واڵى شه‌هيدبوونى ئه‌و فه‌رمانده‌يه‌ كاردانه‌وه‌ى جياجياى لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ ئاستى بالاشدا به‌رپرسانى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش هاوخه‌مييان بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌و فه‌رمانده‌يه‌ ده‌ربڕى.