چەند دەنگۆیەک لەبارەی رووداوی خنکانی 5 ئەندامی خێزانێک لە ئاکرێ رەتدەکرێتەوە
"ئەو خێزانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە نەوتیان وەرگرتووە"
K24 – هەولێر
شەوی 22ی ئەم مانگە بەهۆی غازی خەڵوزەوە دایکێک و چوار منداڵ لە گوندی قۆپکێ لە سنووری قەزای ئاکرێ خنکان، هەندێک کەس و لایەن ئەو بابەتەیان بە سیاسیی کردووە و دەڵێن، بەهۆی نەبوونی نەوتەوە بووە، بەڵام بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک رایدەگەیەنێت، ئەو خێزانە لەسەرەتای ئەم مانگەوە سێ بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە.
موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سنووری پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو گوندەی ئەو رووداوەیە لێ رووداوە، لە سەرەتای ئەم مانگە نەوتی سپی لێ دابەشکراوە، ئەو خێزانەی کە بەهۆی داگیرساندنی خەڵوز دایکێک و چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا، سێ خێزان پێکەوە دەژین لە 2/12/2021، سێ بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە، بۆیە ئەوەی کە لە سۆشیال میدیا و هەندێک کەناڵی راگەیاندن دەگوترێت بەهۆی نەبوونی نەوت روویداوە راست نییە".
روونیکردەوە: "ئەو خێزانە سێ ماڵ پێکەوە دەژین، سەرۆکی خێزان و کوڕەکەی و دایکی، لەکاتی دابەشکردنی نەوت سێ بەرمیلیان وەرگرتووە".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو کەناڵانەی ئەو رووداوەیان بە سیاسی کردووە و موزایەدەی پێوە دەکەن، برینەکانی ئەو خێزانەیان زیاتر کردووە".
گوتیشی: "سەرجەم دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نەوتیان وەرگرتووە، کە ژمارەیان 88 هەزار خێزانە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتیش بەردەوامە".