نەتەوە یەکگرتووەکانی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی کوەیت دادەخات

"کوەیت لە زۆربەی بوارەکان پاڵپشتی عێراقی کردووە"

ئاڵای عێراق - ئاڵای کوەیت
ئاڵای عێراق - ئاڵای کوەیت

K24 - هەولێر

باڵیۆزی کوەیت لە بەغدا رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەی قەرەبووکردنەوە بڕیارێک بۆ داخستنی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی دارایی بە تەواوی دەردەکات، ئاماژەی بەوەشدا بەڵێنکەنی کۆنگرەی بەخشەران تاوەکو ئێستا کاری پێ دەکرێت.

سالم زەمانان، باڵیۆزی کوەیت لە میانی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، لە ساڵی 2003ـەوە کوەیت لە زۆربەی بوارەکان پاڵپشتی عێراقی کردووە و هاوکاری ئاوارەکانی کردووە چەندین کەلوپەلی بۆ دابینکردوون.

ئاماژەی بەوەشدا، کوەیت لە کۆنگرەی بەخشەران لە ساڵی 2018 پشکداری گەورەی هاوکارییەکانی عێراق بوو، 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش تەرخانکرد، ئاماژەی بەوەشدا، پەیمانەکانی گۆنگرەی کوێت تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت، کە ملیارێک دۆلاری بۆ دووبارە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و ملیارێک دۆلاری دیکەی بۆ وەبەرهێنان تەرخانکرد.

لەبارەی دۆسیەی قەرەبووکردنەوە، زەمانان گوتی، عێراق پابەندبووە بە دانەوەی سەرجەم قەرەبووەکان و لە داهاتووێکی نزیکدا لیژنەی قەرەبووکردنەوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەکە بە تەواوی دادەخات.