"مه‌ولانای رۆمی" كێشه‌ی خستووه‌ته نێوان سێ وڵات
ئه‌فغانستان نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕوه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌وڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا بۆ تۆماركردنی دیوانی "مه‌سنه‌وی" مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی شاعیر سۆفی، له ریزی كولتووری هاوبه‌شی خۆیان له تۆماری یۆنیسكۆ بۆ كولتووره‌كان جیهان، ئه‌فغانستانی تووڕه كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌فغانستان ناڕه‌زایی خۆی گه‌یاندووه‌ته یونیسكۆ و رایگه‌یاندووه، رۆمی زياتر له 8 سه‌ده به‌ر له ئێستا له ئه‌فغانستان له‌دایكبووه.
مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی، سۆفی و شاعیر، له دایك و باوكێك له دایكبووه، كه فارسی دواون و دیوانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناوی "مه‌سنه‌وی" به فارسی نووسیوه، به‌ڵام زۆربه‌ی ژیانی خۆی له‌سه‌ر خاكێك به‌سه‌ر بردووه، كه كه‌وتووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی.
رۆمی له ساڵی 1207، له شاری "به‌ڵخ"ی خوراسان, ئه‌فغانستانى ئێستا له‌دایكبووه.
باوكى رۆمی به سوڵتانی زانایان ناسرابوو، مه‌ولانا له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه به‌هۆی هێرش و په‌لاماره‌كانی مه‌غۆڵ، به ته‌نها شاره‌كه‌ی جێهێشت و له رێگه‌ی به‌غدا، دواتر مه‌ككه و دیمه‌شق و له وێوه خۆی گه‌یاندووه‌ته كۆنیای توركیا، ئه‌و كاته‌ش ته‌مه‌نی 24 ساڵ بووه.
شیعره‌كانی رۆمی، زۆرینه‌یان به فارسی و هه‌ندێكیشیان به زمانه‌كانی توركی، عه‌ره‌بی و یۆنانی نووسراون، له سه‌رتاسه‌ری جیهان گرنگییه‌كی زۆر پێده‌درێت و به شاكارێكی ده‌گمه‌ن وه‌سف ده‌كرێن.
سه‌رچاوه: BBC