عێراق: پێنوێنە ئەرێنییە ئابوورییەکان بەرزبوونەتەوە
"هەندێک فاکتەر هۆکاربوونە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری"

K24 - هەولێر
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پێنوێنە ئەرێنییەکان لە 2021 بەرزبوونەتەوە، هەروەها هەندێک فاکتەریش هۆکاربوونە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری.
عەبدولزەهرە هینداو، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، نرخی کاڵا و خۆراک لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئاستەنگەکانی گواستنەوەی جیهانی و کەمبوونەوەی دابینکردن دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی زۆری خواست و کەمی خستنەڕوو نرخەکەی بەرزبووەوە.
روونیشی کردەوە، گەڕانەوەی ژیان و هەڵگرتنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر چالاکبوونەوەی دۆخی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی هەبووە.
جەختیشی کردەوە، کە ئەنجامی تەواوی پێنوێنە ئابوورییەکان لە 2021 کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لە زۆربەی جومگە سەرەکییەکان باشبوون بەدی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کارکردن لەسەرجەم پڕۆژە وەستاوەکان دەستی پێکردووەتەوە، بە تایبەت ئەو پڕۆژانەی حکومەت کە بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووری پەکیان کەوتبوو. ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانە لە 2020 بەهۆی کۆرۆنا کارەکانیان لە دەستدابوو، دەستیان بە کارکردووەتەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر باشووبوونی دۆخی ئابووری لە کەرتەکانی تایبەت هەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە