عێراق 79 ملیار دۆلار قەرزی لەسەر کەڵەکەبووە

ئابووریناسان بە رەشبینییەوە لە ئابووری عێراق دەڕوانن

دۆلار
دۆلار

K24 - بە‌غدا

حکومەتی عێراق تەواوی قەرزەکانی قەرەبووکردنەوەی کوەیتی دایەوە، کە بڕەکەی زیاتر لە 52 ملیار دۆلار بوو، بەڵام  قەرزە کەڵەکە بووەکانی سەر حکومەتی عێراق کۆتاییان نەهاتووە. بە گوتەی وەزیری دارایی عێراق ئەو قەرزانەی لەسەر حکومەتی عێراقە و دەبێت بیانداتەوە لە سەرووی 79 ملیار دۆلارە، ئەمەش وایکردووە پسپۆران و شرۆڤەکارانی ئابووری بە رەشبینییەوە لە داهاتووی ئابووری عێراق بڕوانن.

عێراقی بە دانەوەی بڕی 490 ملیون دۆلار بە کوەیت، کۆتایی بە تەواوی قۆناغەکانی قەرەبووکردنەوەی شەڕی داگیرکردنی ئەو وڵاتە هێنا، کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، عێراق ناچارکرا بە قەرەبووکردنەوەی کوەیت بە بڕی زیاتر لە 52 ملیار دۆلار، بەڵام زۆری قەرزە کەڵەکە بووەکان پسپۆرانی ئابووری تووشی رەشبینی کردووە بەرامبەر بە داهاتووی ئابووری عێراق.

حەیدەر عەرەب، شارەزای ئابووری بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی عێراق کوتا قۆناغی قەرزی کوەیتی داوەتەوە، پێم وایە حکومەت چەندین ئامانج و دیدگای هەیە بۆ ئەم دۆسییە، ئێمەی شرۆڤەکار و پسپۆرانی ئابووریش ئەم هەوڵە بە گرنگ دەزانین، بەڵام قەرزەکان هێندە زۆرن کە داهاتووی عێراقیان خستووەتە مەترسییەوە".

سەرباری خراپی دۆخی ئابووری و گرانی بازاڕ و کەڵەکە بوونی قەیرانەکان، بەڵام حکومەتی عێراق دەیەوێت بە دانەوەی قەرزەکانی متمانەی سیاسی و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی کوەیت و پابەندی خۆی بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپات بکاتەوە، مامۆستایەکی زانکۆی موستەنسڕیەی بەغدا دەڵێت، دانەوەی قەرزەکان وەزارەتی دارایی و پەرلەمانی عێراق دەستکراوەتر دەکات لە داڕشتنەوەی پڕۆژە بوودجەی 2022.

تارق زوبێدی، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئەم دۆسیە دوو لایەنە بۆ عێراق، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، لایەنە سیاسیەیەکەی ئەوەیە دەرخستنی هەڵوێستی عێراقە بەرامبەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر بنەمای ئەوەی پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە بۆ دانەوەی کوەیتە لەسەر عێراق، دیوە ئابووریەکەشی دەرفەتی زیاتر دەدات بە بوودجەی وڵات لە داهاتوو".

هەر یەک لە ئێران، سعودیە، تورکیا، ئیسرائیل و ئەمەریکا لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی قەرەبووەکانیان لە حکومەتی عێراق، ئەمە جیا لەوەی هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتیش قەرزیان لەسەر حکومەتی عێراقە، کۆی قەرزەکانیش بڕەکەی لە سەروی 79 ملیار دۆلارە. 

Fly Erbil Advertisment