عێراق پشکی ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی گورنە1 دەکڕێتەوە
ئێکسۆن مۆبیل عێراقی جێهێشت
K24 - هەولێر
لە کۆتاییدا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی عێراق جێهێشت و بەغدا بە ناچاری پشکەکانی لە کێڵگەی گورنە1 کڕیەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەنی درەبڕیوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە یەک بکڕێتەوە، کە یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی عێراق.
لە دوای ساڵی 2010 بەغدا لە رێگەی دووگەڕی پێدانی مۆڵەت گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان کرد، کە زۆرینەی کێڵگەکان کەوتبوونە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە نێوانیاندا کۆمپانیا ئێكسۆن مۆبیل، سەرکەوتوو بوو لە بەدەستخستنی گرێبەستی کێڵگەی گورنە یەک.
بەمەش ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە توانی خاوەنداری 32.7ـ%ی پشکەکانی کێڵگەی رۆژئاوای گورنە یەک بکات، کە یەکێکە لە کێڵگە گەورە نەوتییەکانی عێراق و لە ساڵی 1973ـوە دەست بە بەرهەمهێنان کراوە، یەدەگەکەی بە 24 ملیار بەرمیل نەوت دەخەملێندرێت 96 بیر لە کێڵگەکە هەڵکۆڵدراوە.
هەروەها 32.7%ـی کێڵگەکە لە لایەن کۆمپانیای پێترۆ چاینا و 19.6%ـی لە لایەن ئۆتشی ژاپۆنی و 10%ـەی لە لایەن پێترامینا ئیندەنۆزی %5 لە لایەن کۆمپانیای بەدواداگەڕانی عێراقەوە خاوەنداری دەکرێت.
ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە لە 2021 گەیشتە 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بڕیار بوو تاوەکو 2027 ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکرێتەوە.
شێڤرۆن لە چارەکی دووەمی ساڵی رابردووەوە فرۆشتنی پشکەکانی راگەیاند، خوازیاربوو پشکەکانی بە کۆمپانیای سینۆپیکی چینی بفرۆشێتەوە، بەڵام عێراق ناڕازی بوو، دەیویست لە لایەن کۆمپانیایەکی دیکەی ئەمەریکییەوە بکڕدرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هالیبەرتۆن بۆ کڕینەوەی پشکەکان دەستی بە دانوستاندن کرد، بەڵام دیاربوو نەگەیشتنە رێککەوتن بۆیە لە کۆتاییدا و لە سەرەتای 2022 وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پشکەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییەیان کڕیەوە.
