كاركردن له‌ بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌

شەقامی 150 مەتری خواستی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون زیادکردووە

K24 - هه‌ولێر:

قۆناغی دووەمی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر 45%ی کارەکانی تەواوبووە، رۆژانەش کاری لەسەر دەکرێت، شەقامەکە کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بووژانەوەی ناوچەکە، بەتایبەتی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون خواست لەسەریان زیادیکردووە، لەئێستاشەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەکرێت و ژمارەیەک پڕۆژەی نوێش لەسەر شەقامە ئامادەن، کە دیمەنێکی جوانتر بە شار دەبەخشن.

هیشتا لە قۆناغی کارکردنە، بەڵام کاریگەری زۆری کردووەتەسەر بووژانەوەی ناوچەکە، بەدرێژایی قۆناغی دووەمی شەقامی 150، پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی لەو ناوچەیە سوودمەند دەبن و تا رادەیەکی زۆریش جوانییەک بە پرۆژەکانی دەبەخشێت، بە دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە لە چاوەڕوانی تەواوبوونی شەقامەکەن، عەبدولرەحمان ئەسعەدی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی گڵۆباڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، شەقامی 150 مەتری خواستی بۆ یەکەکانیان زیادکردووە و نرخیشی به‌رزكرده‌وه‌.

شەقامەکە لەماوەیەکی کەمدا کارێکی زۆری لەسەر کراوە و نزیکەی 45%ی کارەکانی تەواوبوونە، رۆژانە نزیکەی هەزار کرێکار بۆ ماوەی 12 تاوەکو 13 کاتژمێر کاری تێدا دەکەن و زیاتر لە 400 ئامێریش کار دەکات، سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر دەڵێت، چەند پرۆژەیەکی نوێ لە قۆناغی پێدانی مۆڵەتن.

شەقامی 150 مەتری جگە لەدابینکردنی خزمەتگوزاری، کاریگەری کردووەتەسەر زیادبوونی خواست بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی سەر شەقامەکە، لەو ماوەیەشدا نرخی یەکەکانی بەراورد بە رابردوو زیادیکردووە، مامەڵەکارێکی خانوبەرە دەڵێت، لەگەڵ دەسپێکردنی بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری، هاووڵاتیان دێنە دەرەوەی شار، نزیكه‌ی 15%یش نرخی یه‌كه‌كانی نشیته‌جێبوون زیادكردووه‌.

بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری  نزیکەی 7 کیلۆمه‌ترە و رێگەی کۆیە بە رێگه‌ی شەقڵاوە دەبه‌ستێتەوە، بەمەش هاووڵاتیان دەتوانن شەقامەکە بەدێژایی 17 کیلۆمەتر بەکاربهێنن و بەتەواونیشی رووێکی دیکەی جوانی بە هەولێر دەبەخشێت.