لە کێشەی نێوان دوو خێزاندا لە کەندێناوە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندارە

کێشەکە بەهۆی شەڕە سەگ روویداوە

عەبدولوەهاب زاهیر
عەبدولوەهاب زاهیر

K24 – هەولێر

شەوی رابردوو لە گوندێکی سنووری کەندێناوە، شەڕ لەنێوان دوو خێزان روویداوە، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.

کەسێکی نزیک لە خێزانی کوژراوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەردوو خێزانەکە مەڕدارن لە گوندی دێمەکاری سنووری کەندێناوە، شەوی رابردوو سەگی هەردوولا شەڕیان کردووە، یەکێک لە خێزانەکان کاتێک بەوە دەزانێت هێرش دەکاتە سەر ماڵی ئەوەی دیکە و پێیان دەڵێ کە ئێوە بە ئەنقەسەت سەگەکانتان لە سەگی ئێمە بەرداون، دواتر تەقە دەکەن و کەسێک لەو خێزانە دەکوژن و کەسێکی دیکەش بریندار دەکەن".

روونیکردەوە: "ئەو کەسەی کوژراوە ناوی عەبدولوەهاب زاهیرە، هەروەها برایەکی ئەویش بەناوی زەینەر زاهیر، بریندار کراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەهۆی مەترسی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە، موختار و ئەنجومەنی گوند، بە مەڕدارەکانیان گوتووە شەوان سەگەکانیان بەڕەڵا بکەن، بەڵام ئەو خێزانەی کەسێکیان کوشتووە بە خێزانەکەی دیکەیان گوتووە، کە ئێوە بۆ ئەوە سەگەکانتان بەڕەڵا کردووە تا پەلاماری سەگەکانی ئێمە بدەن".